<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
هزری مامۆستا
تێڕوانینی مامۆستا ئه‌حمه‌د بۆ ده‌ستوره‌كه‌ی هه‌رێم

تێڕوانینیی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود بۆ ده‌ستووره‌كه‌ی هه‌رێم

بسم الله الرحمن الرحیم

[ثمَّ جَعَلْنَاكَ عَلی‌ شَریعَه‌ٍ مِنْ الأمْڕ فَاتَّبِعْهَا وَلاَ تَتَّبِعْ أَهْوَا‌ء الَّذینَ لاَ يعْلمُونَ]

بێگومان دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵكێكی موسوڵمان و خواناسن، به‌به‌ڵگه‌ی بوونی ئه‌و هه‌موو مزگه‌وت و نوێژ به‌ كۆمه‌ڵ و ئاماده‌بوون بۆ وتارو نوێژی هه‌ینیی و، ئاهه‌نگێڕانه‌یان له‌بۆنه‌ ئیسلامیه‌كانداو، گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر ناكۆكیی و كێشه‌یه‌كیان بۆلای لیژنه‌ شه‌رعیه‌كانی مزگه‌وت و مامۆستاكانی مزگه‌وت و، جێبه‌جێكردنی شیعارو دروشمی (الله أكبر) له‌ مناره‌ بڵندو به‌رزه‌كانی مزگه‌وته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌نووسینه‌وه‌ی ده‌ستور بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شعوورو هه‌ستی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ موسوڵمانه‌ خواناسه‌ ڕه‌چاو نه‌كراوه‌، وا داڕێژراوه‌ كه‌ له‌ كوردستاندا تاكه‌ موسوڵمانێكی تێدانیه‌.!، وه‌ ئه‌و هه‌موو مه‌لاو مزگه‌وت و ته‌كیه‌و خانه‌قاو شێخ و موریده‌ پشتگوێ خراوه‌، ئه‌و هه‌موو جومعه‌و جه‌ماعه‌ته‌ حسابێكی بۆنه‌كراوه‌.! وا نووسراوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گوێ به‌و نه‌ته‌وه‌ موسڵمانه‌ نه‌دراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك موسوڵمانێكی ئه‌م كوردستانه‌ ئه‌مه‌ به‌كارێكی سته‌م و ناحه‌ق داده‌نێین و به‌پێشێلكاری دین و مه‌زهه‌بی گه‌له‌كه‌مانی ده‌زانین، هیوادارین به‌ زوویی چاوی پیا بگێڕنه‌وه‌و كاڵای ئیسلامه‌تی وه‌به‌ركه‌ن، چونكه‌ دڵنیاین كه‌ هه‌رگیز گه‌لی كوڕد ڕازی نابێ له‌جیهانی ئیسلام دابڕێت و جلكی عه‌لمانیه‌تی له‌به‌ر بكرێ، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌توانن ڕیفراندۆم بكرێت و ڕاو بۆچوونی خه‌ڵكی كوردستان وه‌ر بگیردرێت، ئه‌گه‌رچی كاری واش له‌ته‌رازوی ئیسلامدا ڕه‌واو حه‌ق نیه‌.!

تێبینیه‌كانمان:

1- له‌ سه‌ره‌تایه‌وه‌ بۆ كۆتایی (ناو)ێكی خودای تێدا نیه‌.!

2- به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماژه‌ به‌دینی شه‌رعیی و ڕه‌سمی نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌كراوه‌.!

3- مادده‌ی سێیه‌م ده‌ڵێ: گه‌ل چاوگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و بنچینه‌ی شه‌رعیه‌ته‌كانێتیی.!
 ئه‌م مادده‌یه‌، مادده‌ی سێیه‌م –به‌ تێگه‌شتنی ئێمه‌- بێ شك پێچه‌وانه‌ی ئیسلامی پیرۆزه‌، چونكه‌ له‌ ئیسلامدا (چاوگ) بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات و بناغه‌ شه‌رعیه‌كان، ته‌نها (قورئان) و (سونه‌ت)ی پێغه‌مبه‌ره‌ "صلی‌ الله علیه وسلم"، واته‌: ده‌بێ هه‌موو ده‌ستورو یاساو ڕێسایه‌ك له‌و دوانه‌وه‌ هه‌ڵگۆزرێن، یان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان نه‌بن، (فَلاَ وَرَبِّكَ لاَ یُۆْمِنُونَ حَتَّی‌ یُحَكِّمُوكَ فِیمَا شَجَرَبَیْنَهُمْ ثمَّ لاَ يجِدُوا فِی أَنفُسِهِمْ حَرَجًا مِمَّا قَضیْتَ وَیُسَلِّمُوا تَسْلِیمًا) 4/65. دیاره‌ هه‌ر حوكم و بڕیارێكی ئاوا به‌حوكمی جاهیلیه‌ت داده‌نرێت: (...أفحكم الجاهلیة یبغون ومن أحسن من الله حكما لقوم یوقنون) 5/50. خۆ ئه‌گه‌ر (گه‌ل) چاوگ بێت وه‌ك ده‌ستووره‌كه‌ ده‌ڵێت، واته‌: له‌جێی قورئان و سونه‌تدا بێت، ئه‌وا هه‌ردووكیان - قورئان و سونه‌ت - وه‌لاخراون و (گه‌ل) هێنراوه‌ته‌ جێگایانه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش قابیلی هه‌موولادان و كلابونێكه‌ له‌حه‌ق و ڕاستیه‌كان.

4- مادده‌ی نۆیه‌م: لقی (2) ده‌ڵێ : ئافره‌ت یه‌كسانی ته‌واوی له‌گه‌ڵ پیاودا هه‌یه‌.
ئه‌م مادده‌یه‌ش لادانێكی ئاشكرایه‌ له‌به‌رنامه‌ی پیرۆزی ئیسلام كه‌هه‌موو مافێكی شیاوی بۆ ئافره‌تان دیاریكردووه‌و لای دنیای ئیسلامه‌تی چه‌سپێنراوه‌و قورئان و سونه‌تی پێغه‌مبه‌ر "صلی‌ الله علیه وسلم" ته‌سدیقیان كردووه‌، بۆنموونه‌: (ولهن مثل الذی علیهن بالمعروف)، وه‌ له‌ فه‌رمووده‌یشدا هاتووه‌: (إنما النسا‌ء شقائق الرجال)، به‌ڵام هه‌ندێ شت هه‌یه‌ كه‌ قورئانی پیرۆزو سوننه‌تی پاكی پێغه‌مبه‌ر "صلی‌ الله علیه وسلم" جیایان كردونه‌ته‌وه‌، وه‌كو:
أ- میرات/ له‌ هه‌ندێ جاردا بۆ نموونه‌: كچ و كوڕ، یان براو خوشك یه‌كیان گرت به‌ پێی یاسای (للذكر مثل حظ الأنثیین) كار ده‌كرێ، حیكمه‌تی ئه‌مه‌یش له‌جێی خۆیدا ڕۆشن كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئێستا جێی درێژه‌ پێدان نییه‌، ئه‌گینا هه‌ندێ جار ژن و پیاو وه‌ك یه‌ك میرات ده‌به‌ن، بۆ نموونه‌: (ولأبویه لكل واحد منهما السدس) نسا‌و: 11.
ب- شایه‌تی/ له‌سوره‌تی (به‌قه‌ره‌) دا هاتووه‌: (فإن لم یكونا رجلین فرجل وامرأتان ممن ترضون من الشهدا‌ء أن تضل إحداهما فتذكر احداهما الاخری‌...) 2/282. ئه‌مه‌یش ته‌نها له‌مه‌سه‌له‌ی كڕین و فرۆشتندایه‌، كه‌ به‌ پێی ئه‌و قه‌درو حورمه‌ته‌ی ئیسلام بۆ ژنانی داناوه‌ - ئه‌وه‌نده‌ تێكه‌ڵاوی ئه‌و جۆره‌ ئیشانه‌ ناكه‌ن، چونكه‌ نه‌فه‌قه‌و ژیانی له‌سه‌ر پیاوان مسۆگه‌ر كردووه‌ - ئه‌گه‌ركچ بێت، ئه‌گه‌ر ژن – له‌و لایشه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ی نه‌وه‌ی ئایینده‌ بۆ وڵات و نیشتمانمان دراوه‌ته‌ ده‌ستی ئه‌وان كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌نجامی لادان له‌و په‌روه‌رده‌ ئیسلامییه‌ دنیا گیری خواردووه‌ به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ له‌ دام و ده‌زگاو بازاڕه‌كاندا.! سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هه‌ندێ شت هه‌یه‌ ته‌نیا شایه‌تی ژنان ده‌خوات، هه‌ر وه‌كو هه‌ندێ شتیش هه‌یه‌ ته‌نها شایه‌تی پیاوان ده‌خوات (دیسان كاتی درێژه‌ پیدان نیه‌).
ئه‌مانه‌و كاروباری تری ده‌وڵه‌ت، ده‌بێت هه‌موو له‌سه‌ر بنه‌ماو بناغه‌ شه‌رعیه‌كانی ئیسلام بێت، خۆ دیاره‌ ئه‌وه‌یش هیچی له‌م ده‌ستووره‌دا ڕه‌چاو نه‌كراوه‌.. بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو كوردێكی موسوڵمان ده‌ستوری وامان لا قبوڵ نیه‌، ئه‌مه‌ش مانای وه‌لاخستنی مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كه‌مان نیه‌، واته‌: (مافی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان) چونكه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كانی جیهانی ئیسلامیی ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌كه‌یان  ئاوا سه‌ر به‌وڵاتێك بێت و ئیسلام پراكتیك نه‌كاو كوردیش ده‌ستووره‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئیسلام بنوسێته‌وه‌، له‌حاڵه‌تی ئاوادا جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌واجبێكی شه‌رعیی ده‌زانین.

[ اللهم هل بلغت، اللهم هل بلغت، اللهم هل بلغت ]

ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود
24/10/1426 ك
26/11/2005 ز


تێبینی/ ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ له‌و به‌رواره‌دا جه‌نابی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود به‌ناوی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌وه‌ نووسیبووی.. بۆیه‌ ئێستا به‌ناوی خۆیه‌وه‌ وه‌ك هه‌ڵوێستێكی مه‌ردانه‌و موسوڵمانانه‌ بلاَومان كرده‌وه‌.

   ‌ 3184 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
23/01/2015

123
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook