دیداری بەرێز مامۆستا مەلا حەسەنی شەمێرانی

دیداری بەرێز مامۆستا مەلا حەسەنی شەمێرانی

الحمدللە رب العالمین، والصلاة والسلام علی روح مرشدنا محمد وعلی الە وصحبە وسلم.

لە روانگەی سێ ئایەتی قورئانی پیرۆزەوە چەن دێڕێ لە بارەی ژیانی جەنابی مامۆستا ئەحمەد کاکە محمود (خوای گەورە لێی خۆش بووبێت و دەرجەی قیامەتی بەرزکاتەوە) دەنوسم، خوازیارم بەر ئەم فەرموودە پیرۆزە بکەوین (اذکروا محاسن موتاکم).

یەکەم: خوای گەورە فەرمویەتی: (فلولا نفر من کل فرقە منھم طائفة لیتفقھوا فی الدین، ولینذروا قومھم إذا رجعوا الیھم لعلھم یحذرون). ئەم ئایەتە پیرۆزە داوا دەکات و ئیمانداران ھەڵئەنێ کە ھەر کۆمەڵگایەک چەن کەسێ دەرچن لە ماڵی خۆیان و دوور کەونەوە بە نیازی وەرگرتنی زانستی شەرعیی و تێگەیشتن لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و دواتر بگەرێنەوە ناو خزمان و میللەتی خۆیان و ئامۆژگاریان بکەن بەھیوای گەڕانەوەیان بۆ لای پەروەردگاریان. جا بەراستی مامۆستا مەلا ئەحمەد من لە کۆتایی شەستەکانەوە لە نزیکەوە ئاشناییم پەیدا کرد لەگەڵیدا، ھەردووکمان لە مەعھەدی ئیسلامی ھەڵەبجە ئەمان خوێندو ئەو سێ ساڵ لەپێش منەوە مەعھەدی تەواو کردو بینیم، ھەر پێش ھاتنی بۆ مەعھەد لەژیانی (فەقیەتی)دا زانستە شەرعیەکانی تەواو کردووەو زیرەکیەکی باشی پێوە دیاربوو، لەناو قوتابیەکانی مەعھەدا لە ریزی پێشەوە بوو، بە تایبەت زۆر نزیک بوو لە جەنابی مامۆستا مەلا عوسمان (بەرەحمەت بێ و دەرەجەی عالی بێت) و زۆر خۆشی دەویست و إھتمامی زیاد لە قوتابیانی تری پێ دەدا لەبەر زیرەکی و ڕەوشتی جوانی و ئاییندەی ڕوونی کە عادەتی جەنابی مامۆستا مەلا عوسمان بوو قوتابیە زیرەک و باشەکانی خۆش ئەویست و گرنگی زیاتری پێ دەدان. جا ھەر لەوکاتەوە دیار بوو مامۆستا ملا ئەحمەد باش دەستی دابووە ئەو "مھنە" پیرۆزە میھنەی وەرگرتنی زانستی شەرعی و باش ئەو ئایەتە پیرۆزەی بەسەرا تەتبیق دەبێت و خۆیی و باوکیی و ئەوانەی پاڵنەری بوون بۆ ئەو کارە پیرۆزە تووشی خێری گەورەو عاقیبەت خێر بوون.

دووەم: خوای گەورە ئەفەرمون ( من المؤمنین رجال صدقوا ما عاھدوا اللە علیە..) واتە: لە ناو ئیمانداراندا موجاھیدان و ھەڵکەوتوانێ ھەیە زیاتر لە ئیماندارانی تر ڕاستی و دڵسۆزیان تیایە و عەھدو پەیمانەکانیان دەبەنە سەر..منیش دەڵێم: زۆرێک لە قوتابیانمان ھەر لە دێرین زەمانەوە لەناو کۆمەڵگا موسڵمانەکانا ڕوویان کردووەتە ژیانی (فەقێیەتی)و زانستە شەرعیەکانیان خوێندووە و بەرگی مەلایەتیان کراوەتە بەرو چونەتە ناو کاری (مەلایەتی) بەڵام کەمیان توانیویانە مافی ئەو (جبەو مێزەرە)یە بدەن و ئەو میراتە پیرۆزە ھەڵگرن و لە ڕێگەی پێغەمبەرەوە ھەنگاو بنێن و باش گەیشتبن لە شەرعی خواو دواتر بە حیکمەت ھەوڵیان دابێت ئایینەکە بگەیەنێ و دڵەکان (تزکیە) بکەن و ئەندامی دڵپاک و دەست پاک و داوێن پاک پێشکەشی کۆمەڵگا بکەن، لەبەر ئەوە ئەو حاڵەتەش باشتر بەسەر زانایانا تەتبیق دەبێت کە (من العلماء رجال.. لەناو زانایانا ھەڵکەوتوان و موجاھیدانێ بوون کە زۆر باش مافی ئەو میھنە پیرۆزەیان داو ئەو ئەرکە قورس و گرانەیان بەجێ ھێنا (إنا سلنقی علیک قولا ثقیلا) بەڵام بەدرێژایی مێژوو ئەو ھەڵکەوتوانە کەمبوون، جا وا ئەزانم جەنابی مامۆستا مەلا ئەحمەد یەکێ بوو لەو مامۆستا کەم و بەرێزانەی بە ئەرکی مەلایەتی خۆی ھەستاو دەوری باشی بینی لەو مزگەوتانەی کە پێش نوێژو وتاری تیا ئەخوێندەوە بەتایبەت لە مزگەوتی گەورەی سیروان کە خەڵکێکی زۆر لە وتارەکانی سوودیان وەرئەگرت و لە دوورەوە خەڵکی بە تایبەت قوتابیان و لاوان ئەچوون ئامادەی وتارەکانی ھەینی ئەبوون. وە مامۆستا زیاد لە مامۆستایانی تری مزگەوتەکان و جگە لە وتارو ئامۆژگاریەکانی مزگەوتی (نوسەر)یش بوو کەخاوەنی قەڵەمێکی پاراوو بە بڕشت بوو، لەساڵەکانی ھەشتاداو بە تایبەت دوای ساڵی (١٩٨٢) یەک ھێرشی فیکری مارکسیی و بێ دینی روِوی کردە ناوچەکە بەتایبەت (اتحادی سوڤیەتی) ئەوکاتە دەوڵەتێکی زلھێزی جیھانی بوو و لەپشتی ئەوھێرشە بێ دینییەوە بوو، ھەندێ لە رۆشنبیران و قوتابیان و لاوانی ناوچەی خۆمانی گرتەوەو لەبەرامبەردا چەند مامۆستا و بانگخوازێکی کەم چوونە مەیدان و بە زمانی قەڵەم و نوسین وەڵامیان دانەوەو خەڵکیان ئاگادارکردەوە لە خەتەری ئەو بیرو بۆچوونانە، جەنابی مامۆستا مەلا ئەحمەد یەکێ بوو لە مامۆستا کەمانەی کە چووە ئەو مەیدانەو پەڕاوی (خوا لە ڕوانگەی زانیارییەوە) و (خواپەرستی لە ئیسلامدا) و (ئاشتی لە ئیسلامدا) و (سەربەستی لە ئیسلامدا) چەند پەڕاوی تری بە سوود کە لەوکاتەدا بانگخوازان زۆر سوودیان لێ بینی و وەڵامی باش و بەھێزی تیابوو بۆ ئەوانەی لەو کاتەدا ھەوڵیاندا ڕۆڵەی گەلەکەمان سەر لێ بشێوێنن. جا لەو چەند ساڵەدا جەنابی مامۆستا مەلا ئەحمەدو چەند مامۆستای تری وەک: (مامۆستا شێخ عزیز دەرەجەی عالی بێ) و (مامۆستا مەلا موحەمەدی شارەزووری)بە رەحمەت بێ) و باقی بانگخوازانی تری ئەو سەردەمە کە بە پەنجەی دەست ئەژمێرران، (بێداریەکی) باشیان دروستکردو خەڵکانێکی باش ئاگادارکرانەوە لە زوڵمی بەعس و لە خەتەری بێ دینی و وەزعێکی دینداری لە ناوچەی ھەڵەبجەو سیروان و دەوروبەری دروست بوو، ئەگەر لە بار نەبرایە ئاییندەیەکی باشتری ئەبوو، جا جەنابی مامۆستا لە بارەی لە بار بردنی ئەو وەزعەوە لە پەڕاوی (لە ھەناوی ئیخوانەوە بۆ چەخماخەی چەک) لاپەرە (١٨٨) دەفەرموێ: (ئەشتوانم بڵێم خەڵکێکی ناحەز بە ئیسلام دروستی کرد، بۆ ئەوەی ئەو بانگەوازە لە بار بچێت چونکە بمایەتەوە بەڕاستی خزمەتێکی زۆر گەورەی تری دەکرد، لەبەر ئەوە بە بیرو بۆچوونی من لە بار بردن بوو).. بۆیە ئەتوانم بڵێم مامۆستا لە بواری ئەو نوسینە پڕ ماناو وەڵام گۆیانەی گومانەکانی ئەو سەردەمە بەرامبەر بە ئایینی خواو وتارە پڕ ماناو بەھێزو بوێرەکانی زانایەکی کەم وێنە بوو، دەوری ئیجابی باشی بینی و تا ئێستاش نوسینەکانی جێگای سوودی ھەمو لایەکە.

سێیەم: خوای گەورە ئەفەرموێ: ( لا یستوی منکم من انفق من قبل الفتح و قاتل أولئک أعظم درجة..) لە روانگەی ئەم ئایەتە پیرۆزەوە دەردەکەوێ کە لەخەباتی ژیانی میللەتان و شۆرشەکانیاندا دوو قۆناغ بەدی دەکرێت، قۆناغی سەخت و پڕ ترس و سامناک کە قۆناغی پێش سەرکەوتنە، وە قۆناغی دوای سەرکەوتن کە ئەو سەختیی و ترس و نارەحەتییانەی نامێنێ، بۆیە قورئانی پیرۆز ھاورێکانی پێغەمبەر  دەکاتە دوو دەستە: ئەوانەی پێش رزگارکردنی مەککە بەگیان و ماڵ و سامانیان خەباتیان کردووە، وە ئەو دەستەیەی دوای رزگاری مەککە ھاتنە ریزوەوەو موسڵمان بوون، خوای گەورە دەفەرموێ: ھەرگیز ئەو دوو دەستەیە لە پلەوپایەو پاداشتدا وەک یەک نین، ئەوانەی یەکەم پلەو پاداشتیان گەورەترە.

منیش ئەڵێم: ئەم وەزعەی ئێستا درووست بووە لەم ئازادیی و حکوومەتی خۆماڵی و نەمانی رژێمی پێشوو دەستکەوتەکانی تر لە بەرووبوومی خەباتی چەند ساڵەی خەباتگێرانی ئەم میللەتەیە بە ئیسلامیی و نیشتمانییەکانەوە، بەڵام لەبیرمان نەچێت ئێستا جادە فراوان بووەو ترس نەماوەو خەباتی ئێستا ئاسان بووە، ئەگەر بمانەوێ: لە سەنگینی خەباتی پێشووان تێبگەین دەبێت خەیاڵمان ببەینەوە بۆ ساڵەکانی حەفتاکان و ھەشتاکان کە رژێمی دیکتاتۆری بەعس بەشێوەی ھێزو زەبرو تۆقاندنی بەکار دەھێنا، کەم کەس دەیتوانی لەژێر لێفەشەوە بیر لە دژایەتی ئەو رژێمە بکاتەوە، جا لێرەدا پێم باشە خەبات و جیھادو چالاکی مامۆستا مەلا ئەحمەد لەو روانگەوە ھەڵسەنگێنین کە لەوپەڕی دەسەڵاتی بەعسدا ئەو وتاری بەھێزو بوێرانەی دەداو خەڵکی ھۆشیار دەکردەوە لە حەقیقەتی ئایینەکەیان و ئاشکراشە ھەرکەسیش بە باشی لە حەقیقەتی ئایین تێبگات ھەرگیز سەر بۆ زاڵم شۆر ناکات و نابێتە ھاوکاری و خیانەت لە میللەتی خۆی ناکات و دژی داگیرکەر ئەبێت، چونکە ئایەتی قورئانە: (و لا ترکنوا الی الذین ظلموا فتمسکم النار).
جا جەنابی مامۆستا ئالەو کاتە ناسک و پر ترس و حەساسەداو لەکاتی بوونی ئەو رژێمە تۆقێنەرەدا نەچووە ریزی ئەو مەلایانەی کە دنیایان فرۆشت بە قیامەت و راستیی و نەیخوێند بەباڵای زاڵماندا لەبەر ترس و دوو فلسی دنیایی و فەتوای ناھەقی نەدا، بەڵکو ئازایانەو دیندارانە دینی خوای دەگەیاندو راستییەکانی روون دەکردەوە بۆ جەماوەر، خوای گەورە لێی قبوڵ کردبێت و عاقیبەت خێر بووبێت.

لەکۆتاییدا دەڵێم: (ربنا اغفر لنا ولإخواننا الذین سبقونا بالإیمان ولاتجعل فی قلوبنا غلا للذین آمنوا ربنا إنک رؤوف رحیم).

م/ حسن شەمێرانی
٢٣/٣/٢٠١٠

بەروار2020/03/30سەردان 545