تەڵاق لە ئەوروپا.

تەڵاق لە ئەوروپا:

١- تەڵاق لە یۆنان:


 یۆنان وڵاتێکی ئەوروپییەو دەکەوێتە باشووری نیوە دوورگەی (بلقان)ـەوە، زۆرینەیان 
ملکەچی مەزھەبی (ئەرسوزکس) بوون، بەڵام بەر لەوە مەسیحیەت بگاتە ناویان، ھێزە سروشتیەکانیان دەپەرست، ھەمیشە جەنگ لە نێوان (فەلسەفە) و (دین)ەکەیاندا گەرم بوو، جارێ دین سەردەکەوت، جارێ فەلسەفە.

زەواج لە یۆنان:
لە یۆنان پەیوەندی سێکسی جۆراوجۆری ھەبوو، بۆیە ئەوەند بەد ڕەوشت ببوون، سێکس کرابوویە پیشەو بازرگانی پێوە دەکرا ! ھێندێ کات مێرد دەکڕدرا بۆ ژن، ھێندێ کاتیش ژن دەکڕدرا، وە بەپێی یاساو باوونەریتیان ڕێیان تەنھا بە یەک ژن دەدا، بەڵام ڕێ بە پیاو دەدرا – لەپاڵ ئەوەدا – بچێ چەندین دۆست بگرێ و لەگەڵیان ڕابوێرێ !.
دوای ئەو جەنگ و ھێرشەی ساڵی (٤١٥ پ.ز) کە گەیشتە صقلیەو کۆمەڵە پیاوێکی زۆری تیا کوژراو ڕێژەی ژنان بەرز بوویەوە، ڕێیان بە پیاودا دوو ژن بێنێ، ئەم کارەش بەلای (سقراط)ــەوە نرخێندرا.
یۆنان زۆر بە کەمڕێز تەماشای ژنانیان دەکرد، نەیان دەھێشت – نە زۆر، نە کەم – ھاوکاری ژیان بکات، وە بەکاروکردەی شەیتان ناویان دەبرد! لە ڕووی یاساییشەوە ڕێ بە فرۆشتنیان درابوو، لە میراتیش بێ بەش بوون و، ھیچ ئیرادەو ئیدارەیەکیشیان بەدەست نەبوو، چۆنیان ویستبا بەکێیان ویستبا بەشوویان دەدا!.

أ- ھۆکارە سەرەکییەکان بۆ تەڵاقدانی ژنان:

 ١- ژنەکە خەیانەتی لە جێی نووستنی پیاوەکە کردبا، لەو حاڵەتەدا پیاوەکە ژنەکەی تەڵاق دەداو، ھەر شتێکیشی بۆ سەرف کردبا لێی وەر دەگرتەوە.
 ٢- نەزۆکی ژنەکە.. ھەرکات ژنەکە نەزۆک بووبا، ھەق بە پیاو دەدرا تەڵاقی بدات، بەڵام ئەگەر پیاوەکە نەزۆک بووبا، دەیتوانی بچێ خزمێکی نزیکی خۆی بێنێ بۆ ئەوە لەگەڵ ژنەکەی خۆیدا جووتی بکات، بۆ دوایش - ئەر منداڵی بووبا - دەبوویە منداڵی مێردەکە!.

لە چەرخە ناوەڕاستەکانیشدا: تەڵاق زۆر زۆر بوو، چونکە شەوی بە زاوا بوون نەبێ، نەیان دەھێشت یەکتر ببینن، ئیتر ئەمە وایدەکرد کە زاوا ژنەکە تەڵاق بداو جارێکی تر بەختی خۆی تاقی بکاتەوە! یۆنانیەکان وا تەماشای ژنیان دەکرد، کە خادیمەو کارەکەری ماڵە، بۆیە مێرد بەئاسانی دەیتوانی بیگۆڕێ، ھێندێ جاریش مافیان بە ژنان دەدا داوای تەڵاق بکەن لای دادوەر، ئەگەر مێرد پیاوێکی لاسارو پشتگوێخەری مافی ژنەکە بوو.

ڕۆمانیەکان:

ڕۆمانیەکان – سەرەڕای سەر لەبەری خۆیان، خەڵکانی دنیاش ھەمیشە لەوانەوە یاساو ڕێسایان وەرگرتووە، خاڵی ڕەھابوون بووە بۆ بزووتنی (تەشریع)و پێشکەوتن و شارستانیەتی کۆن و نوێی ئەوروپا.
 یاسای ڕۆمان ئێستاش لە دنیادا نرخ و بەھاو ڕێزی خۆی ھەیە، وە لە زانکۆکاندا بە وردی دەخوێنرێ.. بۆیە ئەگەر لە بارەی (زەواج)و تەڵاقیشەوە پلەیەکی تایبەتیان ھەبێ جێی سەرسوڕمان نییە.

زەواج بەلای ڕۆمانەوە:

 ڕۆمانیەکان ھەمیشە فرە ژنییان ڕەتکردۆتەوەو، دوو جۆر (زەواج)یان بووە:

زەواجی سەلاریی و، زەواجی غەیرە سەلاریی:

 دەسەڵات و سەلاری لە جۆری یەکەمدا تەنھا بۆ مێرد بوو، ژنەکە وەکو مردو – بێ ھەست و نەست – لەبەر دەستیا بوو، ئەمەیش بە فەرمی دەچوونە پەرستگای (جوتیر)، ئەوسا زاوا کێک و ھەندێ لەو شتانەی تر لەوێ باوبوون دەیدا بە ئامادەبووانء ھەندێ دەستەواژەی دینییان دەخوێندەوەو بە چاودێری (الحبر الأعظم) و(کاھن المعبد) و ئامادەکردنی دە شایەت ڕێکیان دەخست.
 لە جۆری دووەمیشدا (الزواج بلا سیادة): بە شێوەیەکی سادەو ساکار (بێ چوونە پەرستگاو ئامادەبوونی (الحبر الأعظم) و شایەت لە نێوان ژن و پیاوەکەدا، زەواجەکە تەواو دەبوو، ئەڵبەت زاوا بەر لەوە دەیناردە لای باوکی دەستگیرانەکەیی و خوازبێنی لێدەکرد، پاشان ئاھەنگێکی جەماوەرییان بۆ دەگێڕاو دەیانبردە ماڵی زاوا.

ب- تەڵاق لای ڕۆمان:

 لای ڕۆمانەکان: تەڵاق بەسێ قۆناغدا تێدەپەڕی: کۆن، کلاسیکیی، ئیمپڕاتۆریەتی خوارو. لە سەردەمی کۆندا بەدەگمەن تەڵاق ڕووی دابا، چونکە بەدەر لەوە کە دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی نێوان ژن و مێرد بەدەست سەرۆکخێزانەوە بوو، لە ڕای گشتیشدا تەڵاق شتێکی ناشیرین و ناپەسەند بوو، ئەگەر مێرد بیری لە تەڵاق کردبایەتەوە، دەبوو خانەوادەی نزیکی ژنەکە کۆ بکاتەوەو مەشۆرەتیان پێ بکاو ڕایان وەرگرێت، خۆ ئەگەر کەسێک لە خۆیەوە ژنێکی تەلاق دابا، تا دەمرد نەنگ و لەنگ بوو بەسەرچاویەوە!.

 لەسەردەمی کلاسیکیشدا:
 ژنان - لە پاڵ دەسەڵاتی پیاواندا – دەسەڵاتێکیان پەیدا کردبوو بۆ تەڵاقدان و ھیچ حیسابێک بۆ سەرەک خێزان (رب الأسرة) وەک جاران نەدەکرا ! بۆیە تەڵاق بە شێوەیەکی نائاسایی پەرەی سەندو تەنانەت کەوتە ناو پیاوە بەرزەکانی دەوڵەتیشەوە، ھەیانبوو چوار پێنجێکی تەڵاق دەدا، چونکە نە دین نە دەسەڵاتی یاسا دەرەقەتی مەسەلەکە نەدەھات، بۆیە خێزانەکان شپرزەو ماڵ کاول بوون و، زیناو داوێن تەڕی بە زۆری وڵاتەکەی گرتەوە، ھەندێ ھۆکاری ئەوکارە دەگێڕنەوە بۆ سەروەت و سامانێکی زۆر – بە تایبەت – لای پیاوە گەورەو سیاسییەکانی دەوڵەت کۆببوویەوە، چونکە زیاتر ئەو پاشاگەردانیە لەوانەوە سەریھەڵدا، ئەوان بوون ئیمکانیاتیان زۆر بووو ژنانیان تەڵاق دەدا، یەکێ تر جوانتریان دەھێنا، ھەروا تا زنجیرەی خێزان ھەڵوەشا!

لەسەردەمی (الإمبراطوریة السفلی):

 پاش ئەو سەردەمە کلاسیکیە فەوزایە، مەسیحیەت کەوتە ناوچەکەوەو توانی ماناو مەبەست لە (زەواج) بخاتە دڵیانەوەو ھەندێ دروشمی بۆ بەرزکردنەوە، لەوانە: زەواج پەوەندییەکە ھەرگیز کۆتایی نییە. تاک ئازادە (زەواج) بکا، یا نەیکا، بەڵام ھەرکە کردی، نابێ وازی لێ بھێنێ، ئەوی خودا بەیەکی گەیاندن، نابێ بیبچڕێنێ.

نووسينى: شێخ ئەحمەد كاكه مەحموود / سەرچاوە: ژنان و كاروبارى ژنان لە ئيسلامدا

بەروار2022/01/13سەردان 394