وەڵامى گومانى ديل و بەندە لە ئيسلامدا

وەڵامى گومانى ديل و بەندە لە ئيسلامدا

* دەڵێت: ( .... تا ئەو ژنانەی كە بە دیلێیەتی دەیگرن...) لێرەدا باسی بەندە دێتە پێشەوە، بەڵام ئێمە نامانەوێ‌ ئەو مەسەلە دوورو درێژەیە بخرێتە بەردەم، چونكە ئەوە زۆر زۆری دەوێت، قەناعەتیشم وایە كەسانێك لە گۆمی بێ‌ باوەڕییدا چەقیبن زەحمەتە بە ئاسانی مل ڕابكێشن.! جگە لەوەیش هەر لەساڵەكانی هەشتادا كتێبێكم لەسەر ئەو مەسەلەیە نووسیوە بەناوی (سەربەستی لە ئیسلامدا).! بەڵام بە كورتە: پێش ئیسلام مەسەلەی "بەندە" دونیای گرتبوویەوە، بەتایبەت نیوە دوورگەی عەرەبی، كاتێكیش ئیسلام پێی گرت، ئیتر موسڵمانەكان لەسەر داواو هەڵنانی ئیسلام بۆ ئازادكردنیان، دەستیان دایەو سەدان و هەزاران بەندەیان كڕیی و ئازادیان كردن، وە ئیسلام هەرگیــز ددانی نەناوە بە (بەندە)داو یاسایەكی بۆ دابنێ‌ و بیكات بەشتێكی بنەمادار، بەڵكو بە مەسەلەیەكی ناچاریی و كاتی سەیری كردووە..

 بەتایبەت لەو جەنگانەدا دەسەپێنران بەسەر موسڵماناندا، وابوو دوژمن ژن و پیاوی لێ‌ دیل دەكردن و دەیكردن بە (كۆیلە)، پاشان موسڵمانەكانیش لەبەرامبەر ئەو كردارەی ئەوانەوە هەركەسێكیان بگرتایە لێیان، دەیانكرد بە كۆیلە، بەڵام ئەڵبەت هەر بەناو ناوی (بەندە) بوو، ئەگینە بە (برا) ناسرابوون لەناو موسڵمانەكاندا: ((..إخوانكم خولكم...)) (أخرجه البخاری (30)، (2545)، وفي "الأدب المفرد" (189)، ومسلم (1661) (40)، وأحمد (21432)، من طرق عن شعبە، عن واصل الأحدب، عن المعرور بن سوید). بەندەكانتان براتانن، چی دەخۆن، چی لەبەردەكەن، بۆ ئەوانیش ئەنجامی بدەن، وە بەدەیان و سەدان جۆرو شێواز هەوڵی نەهێشتنی بەندەی داوە، وە كۆیلایەتی زۆر بەلاوە قورس و ناڕەحەت بوو، بەڵام بۆ ترساندنی دوژمن بوو، وەك وتمان ئەوان موسڵمانەكانیان دیل دەكردو دەیان كردنە (بەندە)، ئەگەر دوژمنیش وای لەگەڵ نەكەیت، زیاتر هێرش دێنێ‌ و بێخەم دەبێ‌ لەخۆیی و كەس و كاریی..

  ئەگەر دیلەكان ژنی تیابووایە زۆر هەوڵی دەدا بۆ گۆڕینەوەی، وەك باوی خۆی نەیدەهێشت بێ‌ چارە بمێنێتەوە، ئاشكرایشە مەسەلەی (جنس) یەكێكە لە داخوازییە سەرەكییەكانی لاشەو دەروونی مرۆڤ، نایەوێ‌ (كبت) بێت و كاتی بەسەردا تێپەڕێ‌ و بخنكێنرێ‌، بەڵام لەگەڵ كۆمەڵێ‌ (ضوابط) و (ثوابت)دا، بۆیە داوا دەكات مارەیی كەم بێت و دونیا پێش چاو نەگیــردرێ‌، هەندێ‌ شتی كۆمەڵایەتی جاهلییەت فەرزی كردوون لەسەر كوڕو كچ نەمێنن، بۆیە فەرمووی: كوڕو كچ هەر پێگەیشتن دەست بەجێ‌ كاریان ئەنجام بدەن پێش ئەوەی فەساد ڕوو بدات، وە بە چەندین فەرموودە كچان و كوڕان (أولیا‌ء)كانیان بانگ دەكات بە زوویی بیان گەیەنن بە یەك، تەنانەت هەڕەشەیشی كرد لەوانەی ژن ناهێنن وە یان شوو ناكەن ((فمن رغب عن سنتي فلیس مني)). (صحیح البخاری  - كتاب النكاح، باب الترغیب فی النكاح - حدیث : ‏4777).

جگە لەوەیش قورئانی پیرۆز داوا دەكات لە دەوڵەت و دەسەڵاتداران و باوك و كەس و كاریان، ژنان، پیاوان (نێروو، مێ‌) كاریان ئەنجام بدەن: (وَأَنْكِحُوا الْأَيَامَى مِنْكُمْ وَالصَّالِحِينَ مِنْ عِبَادِكُمْ وَإِمَائِكُمْ ...) (النور: ٣٢). ئەمە كورتەی تێروانینی ئیسلامە لە مەسەلەی (جنس)ــدا.. با بڕۆینەوە سەر دییلەكان.

ئەگەر لەناودیلەكاندا ئافرەتیان تیا بوو – وەك وتمان – لەوانەیش بوو درێژە بكێشێ‌ و زۆر بمێنێتەوە.. ئەوە بۆ ئەوەی ئارەزووی (كبت) نەبێ‌، ئیسلام دەفەرمووێت: ئەگەر ژنی شوودار بوو یەك مانگ دادەنیشێ‌ بۆ ئەوەی دەركەوێ‌ (حاملە) نیە، ئەوجا مارە دەكرێ‌ لەو پێشمەرگەیەی دیلی كردووە، ئایا ئەمە باشە، یان ئەوەی كە لە زۆر شوێنی ئەم دونیایەدا دونیاخۆران تا ئەمڕۆش لە شەڕەكاندا پیادەی دەكەن، بەوەی كە ئافرەتان لایەنی بەرامبەریان دەگرن و دەیان پیاو دەكەنە لایان و دەست درێژیان دەكەنە سەر بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە، بەڵام لەوەی ئیسلامدا ئەو ئافرەتە ژیان و بژێویی و پاراستنی دەكەوێتە ئەستۆی پیاوێك بە چاوی هاوسەرییەوە تەماشای دەكات.

  باوەڕ ناكەم نووسەر جورئەت بكات بڵێت ئەوەی یەكەمیان باشتــرە، یان ئایا ئەمەیان باشتــرە، یان ئەو ئافرەتە هەروا بمێنێتەوە ساڵێك یا دوو ساڵ باجی جەنگێكی سەپێنراو ئەو بیدات، وە یان هەر ڕۆژەی بە ئارەزووی خۆی لەگەڵ كەسێكدا تێكەڵی بكات..؟ كامیان باشە..؟ گومانم نییە كە دەروون بەزییوەكان، ئەوانەی (جنس) بە هەموو شتێك دەزانن و دەڵێن: بەرەڵڵا بكرێ‌ باشە چی دەكات با بیكات..!! 
 كاتێ‌ خوای گەورە لە سوورەتی (النسا‌ء)دا دەفەرمووێت: (. . . الْمُحْصَنَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ فَمِنْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ...) (النسا‌ء: ٢٥) ئەوەی مەبەستە.. 
  سەرییشم سووڕ دەمێنێ‌ شین دەكەن بۆ ئافرەت و ڕازی نابن بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ‌...!! چونكە ئەوان هەموو ڕەخنەیەكیان لە ئیسلام ئەوەیە مەسەلەی (جنس)ی (كبت) كردووە... ئەبوو زۆر ڕازی بوونایە... بەڵام وا دەردەكەوێ‌ تەنها دوژمنایەتییەكی سەرسەختانەیان هەیە لەگەڵ ئیسلامدا...!!
 
بەروار2020/04/04سەردان 1334