صیغەو شێوەی داڕشتنی (تەڵاق) سێ جۆرە


صیغەو شێوەی داڕشتنی (تەڵاق) سێ جۆرە

یەکەم – تەڵاقی (تەنجیز)ـە، واتە: گوتنی، یان ھێنانی دەستەواژەیەک لەلایەن مێردەوە بۆ جودابوونەوەو تەڵاق، وەکو گوتنی: (أنت طالق = واتە: تۆ تەڵاقت بکەوێت))..بەڵێ تەڵاقی ئاوا، دەستبەجێ دەکەوێ، بەمەرجێ لقەکانی تری تەڵاق بێتە دی. چونکە تەڵاق بۆ کۆتایی ھێنانە بە کێشەیەک لە نێو ژن و مێرددا سەر ھەڵدەدات، کەوابوو (تەنجیز) بناغەو بنەمایە لە کەوتنی تەڵاقدا. ھەر لەم ڕووەوەیە کە ھێندێک لە زاناکان دەڵێن: بەدەر لە تەڵاقی (تەنجیز)، ھیچ تەڵاقێکی تر ناکەوێت.

دووەم – تەڵاقی (تەعلیق)ـە ھەڵپەسێراو. ئەمەیش بەوە دەبێ کە مانای (أنت طالق) ببەسرێ بەشتێکی ترەوە، بۆ نموونە: بڵێ: (إذا جاء رأس الشھر فأنت طالق) واتە: ھەرکات سەری مانگ ھات تۆ تەڵاقت بکەوێت.

سێیەم – ھەڵپەسێراو بە سوێند (التعلیق الحلفی):
مەبەست بەم سێیەمەش ئەوەیە کە تەڵاقخۆر ھانی خۆی، یان ژنەکەی، وە یان ھەر کەسێکی تر دەدات بۆ کردنی کارێک، یان بۆ نەکردنی، واتە: بەدەر لەوە ھیچ ماناو مەبەستێکی تر لە دڵیا نییە، بۆ نموونە دەڵێ: (بالطلاق لأفعلن کذا). یان (یلزمني الطلاق إن لم أفعل کذا) یان بە ھەربێژەو شێوازێک لەناو کۆمەڵگەدا باوە.

جا بۆ دەرکەوتنی ئاسەواری شەرعیی لە (تەعلیق)ی رووتدا (التعلیق المحض) چەند راوبۆچوونێک ھەیە:

 رای یەکەم – دەڵێ: تەڵاقی (منجّز) نەبێ، ھیچ تەڵاقێکی دی ناکەوێت، وە ئەم راو بۆچوونەش ھی ئەم بەڕێزانەیە: جەعفەریی، ظاھریی، (ئەبوو عبد الرحمن)ی شافیعی، ھەروەھا بڕێک لە حەنبەلییەکان، وە (ئەشھەب)ی مالیکی، تەنانەتی دەڵێن ئەمە راوبۆچوونی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب)یشە، وە قاضی (شریح، عیکرەمە، عەتا، ئەبوو ثور)یش ئەو قسەیانە پەسەند کردووەو کاریان پێکردووە.

لە کتێبی (الخلاف في الفقە للطوسی) ھاتووە: (لا یقع الطلاق إن علقە بشرط من الشروط أو بصفة من الصفات المستقبلة فإنە لا یقع أصلا لا في الحال ولا فی المستقبل حین حصول الشروط والصفة).واتە: کەوتنی ھەر تەڵاقێک ببەستری َبەمەرجێکەوە، یان بەسیفەتێکەوە، تەڵاقی وا ھەرگیز ناکەوێ. بۆ ئەمەیش (٥) بەڵگەی ھێناوەتەوە (ئێمە لەبەر درێژبوونەوەی باسەکە نەمان نووسین).

لە کتێبی (المحلی لابن حزم الظاھری: ١٠/٢١٣) بۆ پشتگیری ئەوە کە دەڵێن: تەڵاق تەنھا بە (صیغە)ی (منجّز) دەکەوێت – ھاتووەو دەڵێ: (لا یقع الطلاق إلا منجّزا فمن علق طلاقە علی شرط ڕو إضافة إلی زمن فھو باطل..) بۆ ئەمەیش چەند بەڵگەیەکیان ھەیەو لە رێ وشوێنی خۆیاندا باسیان کردوون.

(إبن القیم) لە (إعلام الموقعین - ٤/١٠١)دا دەڵێ: (قال بعدم وقوع الطلاق المعلق مطلقا). وە (أبو عبدالرحمن أحمد بن عبد العزیز)) وھو من أجل أصحاب الشافعی) واتە: (ئەبوو عبدالرحمن)یش کە پیاوێکی بەڕێزی بەرزی شافیعیەکانە دەڵێ: ھەرگیز تەڵاقی (تەعلیق) ناکەوێت !.
(ئەشھەب) کە زاناترینی مەزەبی ئیمامی مالیکە (قال علی الإگلاق بعدم وقوع الگلاق المعلق) دەڵێ ئەگەر ژنەکەلە بەرئەوە (معلق علیە)کە بکات تەڵاقەکە بکەوێت، ھەرگیز ئەو تەڵاقی (تەعلیق)ـە ناکەوێت.

(حەنبەلی)یەکان: ئەو قسەی (ابن تیمیە)ء(ابن القیم)ـەیان ھەڵبژاردووەو پەسەندیانە کە دەڵێ: (لا یقع الطلاق المعلق إن قصد بە الحمل علی فعل شیء أو ترکە.. (مجموعة فتاوی ابن تیمیة ٣٣/٢٢٣). واتە: ئەگەر مەبەست لە تەڵاقی (معلق) ھاندان بێت بۆ کردنی شتێک، یان بۆ نەکردنی، ناکەوێت. ئەمانیش بەڵگەی بەھێزیان ھەیەو لە شوێنی خۆیدا باسکراوە. سەرەڕای ئەوانەش دەڵێن تەنھا (تەڵاقی منجّز) پەسەندە لای قورئان، چونکە دەفەرموێ: [یاأیُھا النبي إذا طلقتم النساء فطلقوھن لعدتھن...] واتە: ئەی پێغەمبەر! ھەرکات دەتانەوێ ژنان تەڵاق بدەن، لەکات و ساتی عیددەیاندا تەڵاقیان بەدەن، بۆ ئەوە ئەوند ماتڵ نەبن، لە مێرد کردنەوە ئەگەر ییانەوێ مێرد بکەنەوە، بێ گومان کاتێ ئەم داوایە جێبەجێ دەبێ و، کاتێ ماتڵ نابن کە تەڵاق (منجز) بێ، ئەگینە ئەو داوایە نەھاتۆتە جێ، بۆیە تەڵاقی (معلق) بە ناپەسەند دادەنێن و ڕەتی دەکەنەوەو ھیچ (ئاسەوار)ێکی لێ پەیدا نابێت، لەم مەسەلەیەشدا (عەلی کوڕی ئەبوو تالیب)و قاضی (شریح)و طاووس و ئەبوو ثور) یەک دەنگن.

دووەم – دەڵێ: (تەعلیق) ھیچ شتێکی لێناوەشێتەوە، بۆیە دەست بەجێ تەڵاقەکە دەکەوێ، ئەمە ڕیوایەتێکی (ئیمام مالیک)وء راوبۆچوونی کۆمەڵێکیشە لە (تابعین)و مەزەبی (الإباضیة)کان، چونکە بەلای ئەوانەوە ئەگەر نەکەوێ دەبێ نیکاحی کاتیش رەوابێت، خۆ ئەمەش ناڕەوایە. لە جێگەی خۆیدا ھەریەک لەم راوبۆچوونانە زیادە شیکردنەوەیەکی تێدایە، لەبەر درێژنەبوونەوەی باسەکە بۆمان نەکرا بینووسین.

سێیەم – کەمەزەبی (حەنەفیی)و (شافیعی)و جەماوەری حەنبەلیو (زەید)یەکانە دەڵێ: مێرد ئازادیی تەواوی ھەیە لە ھەڵبژاردنی بێژەی تەڵاقی (تەنجیز) یان (تەعلیق)دا، کە وابوو تەڵاقی (معلّق) بە ھاتنە دی (معلق علیە) کە دەکەوێ. ھەریەکەشیان لە کتێبە فیقھیەکاندا بەڵگەیان ھێناوە.

دکتۆر (زەڵمی) دەڵێت: سەرەڕای ئەو ھەموو راوبۆچوون و بەڵگانەو لێکۆڵینەوە لێیان، گومانی بەھێز لەوەدایە کە ھیچ (فەقیە)ێک بەڵگەیەکی (قطعیی) بۆ دروستی (تەعلیق)و نادروستی نییە.


سەرچاوە: کتێبی ژنان و کاروباری ژنان لە ئیسلامدا - لە نووسینی: شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود


بەروار2020/04/02سەردان 1417