دیداری بەرێز مامۆستا کرێکار - دیداری دووەم (2)

دیداری بەرێز مامۆستا کرێکار - دیداری دووەم (2)

مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموود بەردی گۆشەی مەرجەعیەتێکی فیقە و فیکر

یەکێک لە گەورەترین کێشەی ئەھلی سووننەت و جەماعەت بزربوونی مەرجەعییەتە، کابرای سووننی دەزانێت بۆ دەستنوێژ شکان و گرتنەوەی، یان بۆ مارەکردن و تەڵاق چاکردنەوەی روو لە کێ بکات، بەڵام لە پێناسەی مرۆڤ و گەردوون و ژیاندا، لە بنەماکانی فیکرو موفرەداتەکانی خیتابی سیاسیی و دیاریکردنی ئامانج و رێ و زانینی سنورەکانی ماف و ئەرک و دەسەڵاتی کۆمەڵکارییدا سەری لێ دەشێوێت، چونکە ئەمانە لای مەلای کورد نین، یان لای مەلای ئەم سەردەمەی کورد نین.. ئەمانە لای ئەفەندییە سەر رووتەکانن.. چونکە مەلای کورد لە فەتحولقەریبی یەکەمین کتێبی فەقێیەتیەوە تا توحفەی ئیبنو حەجەر وشەیەکی لەسەر سیاسەت نەخوێندووە، پەی بەوە نابات کە ئەم فیقھەی ئەو دەیخوێنێت یاساو رێسای کۆمەڵگایەکن کە ئیسلام ئاڕاستەی دەکرد، ئەو زەمانەی ئیسلام نیوەی سەرزەمینی بە دەستەوە بوو، پێویستی بە فیقھی بزاوتن بوو، نەک فیقھی کتێبی کۆنی سەردەمی نشێوی شارستانێتی ئیسلام .. لەبەر ئەم موفارەقە دژوارەیە مەلای کورد دەبینی بێ باکانە پۆل پۆل دەچنە ناو حزبی عەلمانیەوەو بۆیان دەبنە موختارە درۆزنە !
لەو بەریش ئەفەندیەکان دەبینیت کە لە زەمینەی فیکرو سیاسەتەوە بۆ ئیسلام ھاتوونەوە، چونکە پێشتر خاوەن بۆچوون و پێناسەو ھەڵوێستێک بوون، نایانەوێت خۆ بدەنە دەست ئیسلام بیانگۆڕێت، دەیانەوێت ئیسلام بکەنە موختارە درۆزنەو شایەتی پێ بدەن کە ئەم رێبازو ھەڵوێستە سیاسیەی ئەوان گرتوویانەتە بەر ھەمان بانگەوازەکەی پێغەمبەرانەو بە شێوەیەکی (مۆدێرن) دەیخەنەوە بەرچاوی خەڵکی.. ئەمەش لە چەواشەکردنێکی سیاسیی بەولاوە ھیچی تر نیە ..
ئەو مەلایە چەند لە فیکرو سیاسەتەدا دەستەپاچەیە، ئەم سەر ڕووتەش ئەوەندە لە فیقه و شەرعدا دەستەپاچەیە.. ئەمە ئەو تەنگژەیە کە لە مەلای کوردو ئیسلامیانی سیاسییدا بینیمان و دەیبینین.. مەگەر ئاحادێکی وەکو مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموود .. رەحمەتی خوای لێ بێت ..

آ- مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموودی رەحمەتی، پلە بە پلەی فەقێیەتی بڕی، لەو سەردەمەی نوێژو رۆژووی بۆ خەڵکەکە روون دەکردەوە ھەستی بە بانگەوازی پێغەمبەران کردبوو، کە وەحی خوایی زۆر لەوە گەورەترە مەلایەک بیکات بە خزمەتکاری عەلەمانیەتی حزبێکی سەرلێشێواوی کوردی.. بۆیە ھەستی بەرپرسێتی ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەکەی لە رووی سیاسییەوە دەگەڕاندەوە بۆ شەریعەتەکەی خوا نەک بۆ پارتیی و یەکێتیی.. ئەمەش یەکەمین ھەنگاوی دەرککردنی ئاوێتەبوونی فیقھو فیکر بوو لەلای.. تا دەشھات ئەم دیدو پێناسەو ئینتیمایەی لا گەورەتر دەبوو.. ئەمە دۆزینەوەی ئەو رێیەیە کە فەقێی کوردی لە حوجرەوە لێی بزر بووە ..

ب- مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموودی رەحمەتی، وەکو شەرعناسێکی قاڵ و قووڵ توانای تەرجیحی راجوێییەکانی مەزھەبەکەی بۆ دروست بوو بوو، جورئەتی ئەوەشی بۆ دروست بوو بوو، فەتوا لەسەر غەیری مەزھەبی شافیعیش بدات کە مەرجەعیەتی شەرعناسیی مەلای کوردە.. ئەم دوو خاڵەش کەسایەتیەکی بەھێزتری دایە مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموود ..

ج- مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموودی رەحمەتی، لە لایەکەوە رێسای مەزھەبەکانی ناسیبوو، بە قەناعەتەوە بوو بوو  بە مەلایەکی سووننی، بۆیە لە ھەموو ژیانیدا، بە تایبەت دوای سەرکەوتنی شۆڕِشی ئیمام خومێنی لە ئێران بە ھیچ کلۆجێک توخنی سنووری شیعەو ئێرانیزم  نەبۆوە، نە لە رووی عەقائیدەوە، نە لەرووی عیبادەتەوە، نە لەڕووی شەریعەت و ئوسوڵی فیقھو رێسا شەرعیەکانەوە.. ئەمە ئەو سنوورە ئاسنینە بوو کە مەلای تری کورد پێش مامۆستا ئەحمەدو دوای مامۆستا ئەحمەد کردبوویانە پاوانە قەرسیل و بەزاندبوویان.. چونکە دەرکەوتنی خۆیان و سەرکەوتنی ھەڵوێستیان لە مەزھەبەکەیان پێ گرنگتر بوو، ئەگەر گومانی باشیان زۆر پێ ببەین دەڵێین: بەرژەوەندی خۆیان تێکەڵ بە سەرکەوتنی مەزھەبەکە کردبوو .. مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموود وا نەبوو ..

د- مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموودی رەحمەتی، ئەو جورئەتەی لە فەتواداندا بە پێی بەڵگەی شەرعی، یان بە پێی دیدو بۆچوونی مەزھەبەکانی تر ھەیبوو، لە پێشەوایەکی بەڕێزو خواناسی وەکو مامۆستا مەلا عوسمانی رابەریشدا نەبوو .. مامۆستا ئەحمەد پێی وا نەبوو کە فەتوایەک کە بە پێی مەزھەبی ئیمام ئەحمەد بیدات، کەمکردنەوەی شەئنی مەزھەبی شافیعی بێت.. ئەم جورئەتە سەرەتاییەی ئیقتیدایەک بوو بە شێخ یوسف قەرەزاوی، تا دواتر خۆی لە بزووتنەوەی ئیسلامیداو بە تایبەتی لە ساڵانی دواییدا ھاتە ئاستی قەرەزاویی و زۆر ئاسان دەکرا ببێتە مەرجەعیەتی ئیسلامیەکان، بە مەلاو بیرمەندی فیکریی و دەرکەوتووی سیاسییانەوە.. بەڵام سەد حەیف و مەخابن بۆ نەخوێندەواری خۆمان و مەرگی خێرای حسێب بۆ نەکراوەی مامۆستا.

هـ- مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموودی رەحمەتی، خاوەن دیدی سیاسی بوو، لە ناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا بۆچوون و پێناسەی زیاتر دەخەمڵا .. مامۆستای رابەری بۆ ببووە ماوەردی خاوەن ئەحکامی سوڵتانی.. راستە ئەو لە خزمەت مامۆستای رابەردا پێگەیشتبوو، بەڵام پەیوەندی کەسایەتی ئەوو رابەری مەزن وەکو پەیوەندی ئیمامی بەیھەقیی و ئیمامی شافیعی بوون .. مێژوونووسان دەفەرموون: ھەموو مەزھەبییەکی شافیعی قەرزاری ئیمام محمدی کوڕی ئیدریسی شافیعیە جگە لە بەیھەقی، کە ئیمام محمدی کوڕی ئیدریسی شافیعی قەرزارێتی، چونکە مەزھەبەکەی ئیمامی بە ھەموو دنیا ناساندو دەیان بەڵگەی شەرعی بۆفەتواو بۆچوونەکانی ھێنایەوە.. مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموودیش وابوو، زۆر جار دیدو پێناسەیەکی رابەری مەزن خەمڵاوی لای مامۆستا ئەحمەد بوو، بەڵام خرابووە بەردەستی رابەری مەزن.. وەکو کە فەقێیەک تەخریجی فەرموودەیەک بۆ مامۆستاکەی دەکاتەوە، بێ ئەوەی ئەم مەغروور ببێت، یان لە مەزنیی ئەویان کەم ببێتەوە.. ئەمەش نھێنی ئەوەیە کە مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموود بە سەربەرزییەوە ببووە راوێژکاری مامۆستا مەلا عوسمانی رابەر، بەڵام دوای کۆچی دوایی ئەو، بووە راوێژکارێکی بزووتنەوە ..  

ئەم جۆرە زانا شەرعناس و بیرمەندە سیاسیانە لە ناو ئەھلی سوننەتدا کەمن، لە ناو ئێمەی کوردا دەگمەنن، بۆیە ھەقە کە یەکێکی وامان لێ دەرکەوت، دەوری بگرین و دیدو بۆچوونەکانی بەرفراوانتر کەین تا دەبێتە مەدرەسەیەکی ئاڕاستەوانی رابووان و کۆمەڵکارییەکانیان.. ئەمە بچووک بوونەوەمان نیە، ئەمە خۆ گەورەکردنی راستیە، بەڵام بەداخەوە لەبەر سێبەری چڕی دیدی شارستانێتی رۆژئاوادا دووڕێیانی ئەم راستیەمان پێ جوێ ناکرێتەوە ..
لەم کاتەدا کە ئەم بابەتە دەنووسم لەسەر شەرعناسی سیاسی مەزنی کورد مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموود، لە ناخمدا ساتەکانی دیداریانم دێتەوە بەرچاو، لەگەڵ دانیشتنی تایبەتی باسە عەقائیدیەکانی تەکفیرو دارالإسلام و ھیجرەت، خۆم بە قەرزاری ئەو ھاوڕێیەتییەی دەزانم، ئەوەش ھاوڕێیەتیەکە خوای مەزن لێی دەپرسێتەوە، بۆیە لە ناخی دڵی پڕ سوێمەوە ھەڵوێستی رەسەنی وەفاداریم پێشکەش بە شەرعناس و بیرمەندی سیاسی کورد مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموودی رەحمەتی دەکەمەوەو چەپکێک گوڵی وەفای موسوڵمانانە پێشکەش بە خانەوادەی مامۆستای بەڕێز دەکەمەوە، لە براو خێزانی، لە کوڕو کچەکانی، لە خزمە ھاوبیرەکانی.. خوای مەزن یارو یاوەریان بێت ..

16/01/2015

بەروار2020/03/30سەردان 684