حوکمى بە شوودانى کیژى ناباڵغ.؟

حوکمى بە شوودانى کیژى ناباڵغ.؟

پرسیار: ئایا نیکاح کردنى ئافرەتى نا باڵغ درووستە یان نا.؟

وەڵام: زانایان کۆمەڵێکیان دەفەرموون ئەگەر بە شوو دەرەکە (الولى) باوکى ئافرەتەکە بوو، درووستە کچى بچوکى ناباڵغى بە شوو بدات، بە بەڵگەى ئەم ئایەتە:

(وَاللَّائِي يَئِسْنَ مِنَ الْمَحِيضِ مِنْ نِسَائِكُمْ إِنِ ارْتَبْتُمْ فَعِدَّتُهُنَّ ثَلَاثَةُ أَشْهُرٍ وَاللَّائِي لَمْ يَحِضْنَ..) الطلاق 4. واتە ئەو ئافرەتانەى ناکەونە بێ نوێژى لە بەر پیریى و تەمەن درێژى، ئەوا عیددەیان سێ مانگە، وە هەروەها ئەو ئافرەتانەیش کە نەکەوتوونەتە بێ نوێژى لە بەر باڵغ نەبوون و کەم تەمەنى عیددەیان سێ مانگە، وە عیددەش بۆ ئافرەتى تەڵاق دراو دەبێت، کەواتە ئافرەتى بچوکى ناباڵغ درووستە بە شوو بدرێت و نیکاح بکرێت، با گوێزانەوەشى دواتر بێت.
بەڵگەیەکى تریش ئەم فەرموودەیەیە: ((عن عائشة "رضى الله عنها" قالت: أن النبي تزوجها وهي بنت ست سنين، وأدخلت عليه وهي بنت تسع سنين، و مكثت عنده تسعا)). (صحيح البخاري، كتاب النكاح، باب إنكاح الرجل ولده الصغار، حديث: ‏4841).

بەڵام (إبن شبرمة) و هەندێکى تر لە زانایان دەڵێن: ئافرەتى ناباڵغ درووست نییە بە شوو بدرێت، ئەگەر چى (ولى) ئافرەتەکە باوکى یان کەسێکى تر بێت، بەڵگەشیان بریتییە لە وەڵامدانەوەى بەڵگەى کۆمەڵەى یەکەم بەم جۆرە:

أ. کۆمەڵێک لە زانایانى تەفسیر دەڵێن: مەبەست لە (..واللائي لم يحضن..) کەنیزەکى ناباڵغە نەک ئافرەتى ناباڵغ بە گشتى. تفسير الطبري 12/134.

ب. فەرموودەکەى بە شوودانى عائیشە بە منداڵى تایبەتە بە پێغەمبەرەوە ﷺ، وە چەندین فەرموودەش هەیە وا دەگەیەنێت کە ئافرەتى کچ بە گشتى، باڵغ بێ یان نا باڵغ، بەبێ پرس بە شوو نادرێت، وەک ئەم فەرموودانە:

1. ((عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ أن جارية بكراً أتت النبي ﷺ فذكرت أن أباها زوَّجهاَ وهي كارهة، فخيَّرها النبي ﷺ)). (رواه أحمد وأبوداود وإبن ماجة.إسناده صحيح على شرط البخاري. تعليق شعيب الأرنؤوط).

2. ((عن أبي هريرة: أن النبي ﷺ قال: لاتنكح الثيب حتى تستأمر، ولا البكر إلا بإذنها، قالوا: يارسول الله وما إذنها.؟ قال: أن تسكت)).(رواه أبوداود، وصححه الألباني في سنن أبي داوود، برقم: 2092)  لە هەردوو فەرموودەکەدا وشەى (بکر) بە کچ دەوترێت، باڵغ بێت یان ناباڵغ، لە فەرموودەى یەکەمدا نیکاحەکەى هەڵوەشاندووەتەوە، چونکە ئافرەتەکە پێى ڕازى نەبوو، وە لە فەرموودەى دووەمیشدا ئەفەرموێت: بەشوو نادرێت تا پرسى پێ نەکرێت کەواتە بە شوو نادرێت تا باڵغ دەبێت و پرسى پێ دەکرێت.

بەڵام زانایان ڕایان جیاوازە لە بەشوو دانى ئافرەتى ناباڵغدا ئەگەر وەلیى و بەشوودەرەکە باوک بوو:

1. ئیمامى شافیعى دەڵێ: باپیریش دەتوانێت بە شووى بدات وەک باوک.! بەڵام ئیمامى شافیعى واى پێ چاکە کە باوک و باپیرە ئافرەتى بچووک بە شوو نەدەن تا باڵغ دەبێت و ڕاى خۆى وەردەگیرێ، بۆ ئەوەى گیرۆدەى ئەو بە شوودانە نەبێت ئەگەر حەزى لێ نەبوو لە کاتى باڵغ بوونیدا، وە بەڵگەى دروست نەبوونى بە شوودانى ئافرەتى بچووک – جگە لە باوک و باپیر – ئەم فەرموودەیەیە کە عبدڵلآى کوڕى عومەر دەفەرموێ: ((کاتێ (عوسمانى کوڕى مظعون) مرد، کچێکى لێ بە جێ ما، قودامەى (خاڵم) مامى کچەکە بوو، نیکاحى کرد بۆم بە بێ ئاگادارى کچەکە، وە کچەکە پێى خۆش بوو، بەڵام پێغەمبەر ﷺ فەرمانى پێ کردم کە تەڵاقى بدەم، منیش تەڵاقمدا، پاشان موغیرە نیکاحى کرد)). (رواه أحمد والدارقطني وابن ماجة، وحسنه الألباني في سنن إبن ماجة، برقم: 1878).

2. ئیمامى مالیک دەڵێ: جگە لە باوک یان وەکیلى ئەو، هیچ وەلییەکى ترى ئافرەتەکە ناتوانێت ئافرەتى ناباڵغ بەشوو بدات، مەگەر لە ترسى ئەوەى کە ئەو ئافرەتە تووشى تاوان ببێت یان کەس نەبێت سەرپەرشتى بکات و بە خێوى بکات، بە بەڵگەى ئەم فەرموودەیەى عائیشە: کە بە شەش ساڵى باوکى نیکاحى کرد بۆ پێغەمبەر.. کەواتە جگە لە باوک کەسى تر بۆى نییە کچى نا باڵغ نیکاح بکات و بەشووى بدات، هەروەها ئەو سۆزو بەزەییەى باوک هەیەتى بۆ کچەکەى کەسى تر لە خزمەکانى نییەتى، لەبەر ئەوە باوک هەرگیز کچەکەى نادات بە شوو ئەگەر زیانى کچەکەى تێدا بێت.

3. ئیمامى ئەبو حەنیفە دەڵێ: (وەلى ئافرەتى ناباڵغ: باوک، یا باپیر یا هەر وەلییەکى تر، دەتوانێت بە شووى بدات، بەڵام کاتێک ئافرەتەکە باڵغ بوو دەتوانێت پەشیمان ببێتەوەو ئەو نیکاحە هەڵبووەشێنێتەوە، وە ئەمە ڕاى کۆمەڵێک لە صەحابەى پێغەمبەرە ﷺ وەک عومەرو عەلیى و عبدالله¬ى کوڕى مەسعودو عبدالله¬ى کوڕى عومەرو ئەبو هورەیرە (خوا لێیان رازى بێت)، بەڵگەى ئەبو حەنیفەش بریتییە لەم ئایەتە: (..وإن خفتم الا تقسطوا في اليتامى فانكحوا ما طاب لكم من النساء..) النساء/3. ئەم ئایەتە ئەوە دەگەیەنێت کە جگە لە باوک و باپیر دەتوانن ئافرەتى ناباڵغ بدەن بەشوو، چونکە ئافرەتى هەتیو بە ئافرەتێک دەوترێت باڵغ نەبێت، وە بەڵگەى درووستى بە شوودانى ئافرەتى ناباڵغ لە لایەن وەلییەوە کە باوک و باپیر نەبێت، فەرموودەى عەبدوڵڵا¬ى کوڕى عومەرە کە لە بەڵگەکانى ئیمامى شافیعیدا باسمان کرد، هەروەها (عروە)ى کوڕى زوبەیر کچی برایەکى نیکاح کردووە بۆ کوڕى خوشکێکى لە کاتێکدا هەردووکیان – کوڕ و کچەکە – منداڵ بوون.
لە کۆتاییدا دەڵێین: ئێمە سەرەڕاى ڕێزمان بۆ ئەو زانایانە کە بە لایانەوە درووستە ئافرەتى ناباڵغ باوکى و باپیرەى بە شووى بدات، ئێمە بۆ ئەمڕۆ ئەوەمان لا بەهێزە کە ئافرەتى ناباڵغ بە شوو نەدرێ چ لە لایەن باوکەوە چ لە لایەن غەیرى باوکەوە لەبەر ئەم بەڵگەو هۆیانە:

1- بەڵگەى بەشوودانى عائیشە بە پێغەمبەر ﷺ لە شەش ساڵیدا درووست نییە بکرێتە بەڵگە، لەسەر درووستى بەشوودانى باوک بۆ کچى ناباڵغى لە بەر سێ (3) هۆ:

أ: نە ئەو وەلیى و بە شوودەرانەى کچیان بە شوو دەدەن وەک ئەبوبەکر موسڵمانێکى زۆر چاک و ڕێک و پێکن کە بە هیچ شێوەیەک بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان پێش نەخەن بەسەر بەرژەوەندى کچەکانیان.!

ب: هیچ کەسێکیش لەوانەى کچى ناباڵغیان بۆ نیکاح دەکرێت وەک پێغەمبەر ﷺ نین و نابن، تا لە ئەنجامى دڵنیابن و نەترسن.!

ج: دەگونجێ بە شوودانى عائیشە بە منداڵیى و ناباڵغى تایبەت بێت بە پێغەمبەرەوە ﷺ بۆ کەسى تر درووست نەبێت کچى ناباڵغ بدات بەشوو، وەک (ئیبن شبرمە) دەڵێ: ئەمە تایبەتە بە پێغەمبەرەوە ﷺ.

2- زانایان دەفەرموون: (تتغير بعض الأحكام بتغير الزمان والمكان والأشخاص) زۆر حوکم هەیە گۆڕانى بەسەردا دێت بە گۆڕانى کات و شوێن و خەڵکەوە، ئەم بەشوودانى ئافرەتى ناباڵغە ئەگەر لە سەردەمى پێشوودا زەرەرو زیانى نەبووبێت، یا کەم بووبێت، ئەوا ئێستا زەرەرى زۆرى لێ دەکەوێتەوە، وەک بەشوودانى بە خزم و کەسوکار، یا بەشوودانى لە برى خوێندا، یان ژن بە ژن و گەورە بە بچوک پێکردنى، هەموو ئەمانە بە زیانى ئافرەتەکە تەواو دەبێت و باوک یان ئەوەى بە شووى دەدات تەنها بەرژەوەندى تایبەتى خۆى لەبەرچاو دەگرێ.

3- گەلـێ شت هەیە پێشەوا عومەرى کوڕى خەتتاب ﷺ کاتێ سەیرى زیانەکانى دەکرد بڕیارەکانى دەگۆڕى بەو بارەى تریدا وەک:

أ. لە سەردەمى پێغەمبەر ﷺو خیلافەتى ئەبوبەکردا وتەى: (أنت طالق ثلاثا) یەک تەڵاقى پێ دەکەوت، بەڵام پێشەوا عومەر سەیرى کرد خەڵک زۆر گاڵتەو لاقرتى دەکات و تەڵاقى زۆر دەخۆن، حوکمەکەى گۆڕیى و بڕیارى دا کە بە (أنت طالق ثلاثا) سێ تەڵاقەى پێ بکەوێ.

ب. (مؤلفة القلوب) لە زەکات بەشیان هەبوو، لەبەر ئەوەى کە نەبنە دڕک لە بەردەم دەعوەکەدا، بەڵام پاش بەهێزبوونى موسڵمانان، پێشەوا عومەر رایگرت، ئێستایش ئەگەر ئەو بەڕێزە لە ژیاندا بووایە، وە یان هەر زانایەکى ترى بە جورئەت بووایە سەیرى ئەو هەموو زوڵمەى بکردایە کە لە کیژۆڵە نا باڵغە بەشوو دەرەکان دەکرێت، یاساغ و قەدەغەى بەشوودانى ئافرەتى نا باڵغى ڕادەگەیاند.

4- چەندین فەرموودە هەیە کە پێغەمبەر ﷺ فەرمان دەکات بە وەرگرتنى ڕەزامەندى ئافرەت – کچ بێت یان بێوەژن – وەک  ئەم فەرموودانە: ((عن أبى موسى أن النبي ﷺ: تستأمر اليتيمة في نفسها فان سكتت فقد أذنت، وإن أبت لم تكره)). (رواه أحمد وابن حبان والحاكم، ورجال أحمد رجال الصحيح، صححه الألباني في السلسلة الصحيحة، برقم: 656) و ((عن ابن عباس قال: قال رسول الله ﷺ: ((..والبكر تستأذن في نفسها وإذنها صماتها)). (صحيح مسلم، كتاب النكاح، باب استئذان الثيب في النكاح بالنطق، حديث: ‏2623).

جا لەم سۆنگەیەوە ئێمەش بە باوک و کەسوکارى کیژۆڵە نا باڵغەکان دەڵێین: با لە خودا بترسن بەرامبەر بە مافى کچە نا باڵغەکانیان، هەروەها ئەوانەیش کە نیکاحیان دەکەن.! 

(سەرچاوەکان: المحلى. 9/459.- نيل الأوطار. 6/120.- بداية المجتهد. 2/406.- المفصل في أحكام المرأة. 6/388.- فتح البارى شرح صحيح البخاري. 9/124.- المجموع شرح المهذب. 16/168.- فقه السنة. 2/116.- المغنى لإبن قدامة. 6/487.- المبسوط للسرخسي. 4/212). 


والله أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/03/29سەردان 79