( ئیسرا) و (میعراج) چۆن و کەى ڕوویدا.؟


(ئیسرا) و (میعراج) لە قۆناغێکى زۆر ناسک و مەترسییدار لە ژیانى پێغەمبەردا ﷺ بوو، ئەو دەمە کە زۆر ماندو و خەستە بوو، بەڵام بەم رووداوە گرنگە مێژووییە ئاسۆى ئاسمانى لێدرەو شایەوەو، هیواو ئومێدێکى بەخۆى و بەیارانى بەخشى، (نەوەویى) و (قورتوبى) دەڵێن: ئەو رووداوەیە پێنج ساڵ پاش پێغەمبەرێتى بوو، خاوەنى کتێبى (الرحيق المختوم) دەڵێ: لە (27/ى (ڕەجەب )ى ساڵى (10)ى پێغەمبەراێتیدا بوو، لەگەڵ هەندێ ڕاوبۆچوونى بڕێ لەزاناکانى تر. (ئیبنولقەییم)یش دەڵێ: قسەى راست ئەوەیە کە ئەو شەوڕەویە بە (جەستە)ى پیرۆزى بوو، وە لە مزگەوتى (حەرام)ـەوە بۆ مزگەوتى (قودس) بەسوارى (بوراق) و هاوڕێتى (جوبریل) بوو, جا لە قودس دابەزیى و پێش نوێژى بۆ پێغەمبەرەکان (عليهم الصلاة والسلام) کرد و هەر لەوێش (بوراق)ى بە ئەڵقەیەکى دەرگاى مزگەوتەکەوە بەستەوە، پاشان هەر ئەو شەوە لە (بیت المقدس)ـەوە بەرز کرایەوە بۆ ئاسمانى دنیاو، دەرگاى بۆ کرایەوەو هەر لەوێ (بابە گەورە)ى گشتمانى (ئادەم) دیت "سڵاوى لەسەر بێت" بابەیشمان خۆشحاڵى خۆى بەدیتنى دەربڕیى و ددانى نا بە پێغەمبەرێتیدا، هەر لەوێیش خواى خاوەن توانا ڕۆحى گشت شەهیدەکانى ئامادەکردو لەلاى راستیەوە نیشاندان، لە چەپیشیەوە ڕۆحانیەتى سەرجەم بەدبەختانى نیشاندا، ئەوسا سەرخرا بۆ ئاسمانى دووەم و لەوێ (یەحیا)و (عیسا)ى دیتن (سڵاویان لەسەر بێت)، ئەوانیش پێغەمبەرێتییان سەلماندو، پاشان بۆ ئاسمانى سێیەم بەڕێکەوت و لەوێش (یوسف)ى دیت (سڵاوى لەسەر بێت)، ئەویش بە خێرى هێناو ددانى بە پێغەمبەرێتییدا نا، بۆ دوایى بەرەو ژورووتر سەرخرا بۆ ئاسمانى چوارەم، لەوێش (ئیدریس) پێغەمبەرى دیت و خۆشحاڵ بووو پێغەمبەرێتى سەلماند، لە پاشا سەرخرا بۆ ئاسمانى (پێنجەم) و لەوێش (هارون)ى کوڕى (عیمران)ى دیت، ئەویش پاش بەخێر هێنانى  پێخۆشبوونى خۆى دەربڕى و ئیقرارى بەپێغەمبەرێتى کرد، لە ئاسمانى (شەشەم)یشدا بە (موسا) گەیشت و، ئەویش هەر وەکو پێغەمبەرەکانى تر پێشوازى لێکرد، جا کاتێ لەوێ تێپەڕى مووسا گریا! گوتیان بۆچى دەگریت؟ گوتى: چونکە لەبەهەشتدا ئوممەتى ئەم پێغەمبەرە، لە ئوممەتى من زیاترە، وە لە ئاسمانى (حەوتەم)یشدا بە(ئیبراهیم) شاد بوو، پاش بەخێرهێنان و خۆشحاڵى و دداننان بەپێغەمبەرێتییدا لە لایەن ئەویشەوە (سەڵاویان لەسەر بێت) چوویە (سدرة المنتهى)، پاش ئەو (بیت المعمور)، ئەوجا بەرزتر چوو تا بەدیدارى خواى گەورە شاد دەبێ و لێیەوە نزیک دەبێتەوە، هەر بەقەد دوو (کەوانى) ما، یان نزیکتر، لەوێ هەرچى پێویست بوو بۆ ئەو قۆناغە وەحیى بۆکردو تێیگەیاند، لەوانە (50) ڕکات نوێژى لەسەر ئوممەتەکەى فەرز کرد، پاشان بەتەگبیرو راوێژى موسا تکاى لەخواى میهرەبان کرد هەتا بۆى کەمکردەوەو کردى بەم پێنج (5) نوێژەى ئێستا. (صحيح مسلم، كتاب الإيمان، باب الإسراء برسول الله إلى السماوات، حديث: ‏260‏).

جا لەم سۆنگەیەوە (ئیبن تەیمییە) دەڵێ: هیچ هاوەڵێکى پێغەمبەر  ﷺ نەیگوتووە پێغەمبەر ﷺ خواى گەورەى دیتووە، (ئیبن عەباس) نەبێ، ئەویش (خاتوو عائیشە) بەر هەڵستى دەوەستێ. (ئیبنولقەییم) دەڵێ: ئەو نزیکبوونەوەیە کە لەسوورەتى (نەجم)دا باسکراوە، مەبەست پێى نزیکبوونەوەى (جبریل)ـە ﷺ، وەکو خاتوو (عائیشە)و (ئیبن مەسعود) دەڵێن. ئەم باسەیە لەسوورەتى (نەجم)دا بەروونتر رۆشن کراوەتەوە.

خوێنەرى هێژا! باسى (ئیسرا) لە یەک ئایەتداو، پاشان باسى تاوانەکانى (بەنى ئیسرائیل) بەدواى ئەوداو، دواتر کە دەڵێ: ئەم قورئانە باشترین رێباز دەست نیشان دەکا.. ئەمانە هەموو هێماو ئاماژەن کە (یەهوود) لەسەرکردایەتى دەردەکرێن و، دەدرێتە دەستى ئەم پێغەمبەرە تازەیەو قورئانیش بەرنامەى دەبێت، چونکە (یەهوود) ئەوەندە تاوانى کرد، کەڵکى رابەرایەتییان نەماو، خواى گەورەیش لێى سەندنەوەو تەسلیمى (موحەممەد)ى ﷺ کرد، کەوابوو پێویستە رابەرایەتى کردنى هەر ئوممەتێک پڕ بێت لە دادگەریى و دادپەروەریى و، ئەخلاق و قییەم و داوێن پاکى و دەستپاکیى و، هەوڵ و تێکۆشان و جیهادو لێبڕان و، لێبوردن و جورئەت و ئازایەتى و، بێ خیانەت و گزیى و فرت و فێڵ لەگەڵ گەلەکەیدا. ئەگینە خواى گەورە قبوڵى ناکاو دیزەو گۆزەى سەر نخون دەکا، ئەگەرچى زۆریشى پێ بچێت، هیوادارم ئەم ئوممەتى ئیسلامە بەهۆى ئەم سیفەتە پڕشکۆدارانەوە بتوانێ قیادەى دنیا بکات. 

پاشان بۆ مەسەلەى ميعراج و بڵندبوونەوەى پێغەمبەرى خودا بۆ ئاسمان و ديتن و ئەو ڕووداوانەى لەو سەفەرەيدا ڕوويداوە پێشەوا بوخارى لەو بارەوە فەرموودەیەکى درێژى هێناوە، لە بەشێکیدا دەڵێت: ((..ثُمَّ رُفِعَتْ إلَيَّ سِدْرَةُ المُنْتَهَى، فَإِذَا نَبْقُهَا مِثْلُ قِلَالِ هَجَرَ، وإذَا ورَقُهَا مِثْلُ آذَانِ الفِيَلَةِ..)). صحيح البخاري، كتاب المناقب، باب المعراج، حديث: ‏3696‏. واتە: ئینجا بردمی بۆ لای درەختی (سدرة المنتهی)، بەرەکەی دەڵێی مەرکانەی هەجەرە، دەبینم گەڵاکانی دەڵیی گوێی فیلە، ئەمەش بەڵگەى ڕوونە لەسەر ميعراج و بڵندبوونەوەكەى سەروەرى مرۆڤايەتى..

بۆ نووسینى ئەم کورتەیە سوودم لەکتێبى (الرحيق المختوم)ى (صفى الرحمن المباركفورى – رحمه الله) وەرگرت.

وەڵامی گومانێك لێرەدا پێويستە: 

تاقمێک پەیدابوون و بوونەتە نەیارى سووننەت و ڕەتکردنەوەى زۆرینەى سەروەرییەکانى پێغەمبەرى خودا ﷺ، لەوانە: بابەتى میعراج و بڵندبوونەوەى پێغەمبەرى خوا بۆ ئاسمان، دەڵێن: شەوڕەوى لە قورئاندا هاتووەو لە سورەى ئیسرادا باسکراوە، بەڵام میعراج و بڵندبوونەوە لە فەرموودەدا هاتووەو جێی ئیعتبار نیە، بۆیە لە وەڵامى ئەو نەیارانەدا دەڵێین: لە ڕاستیدا هەردوو (ئیسراو میعراج) لە قورئاندا باسکراون، یەکەمیان لە سوورەى ئیسراء ئەوى دیشیان لە سوورەى نەجمدا هاتووە، ئەمە لە کاتێدایە کە بابەتى ئیسرا وردەکارییەکەى لە قورئاندا نەهاتووەو فەرموودە درێژەى شەوڕەوییەکەى ڕوونکردۆتەوە، بەڵام بابەتى بڵندبوونەوەو میعراج لە سوورەى نەجم بە وردەکارییەوە هاتووەو دەفەرموێ: [ولقد رآه نزلة أخرى] واتە: پەیامبەر ﷺ جارێکى تر جبریلى دیتووە لە شێوەى خۆیدا، جا ڕوونتر باسى دەکات کە بینینەکە لە کوێ بووە، بۆیە دەفەرموێ: [عند سدرة المنتهى] جارى دووەمەکە لەلاى (سدرة المنتهى)دا بینیویەتى، کە (سیدرەش) لە ئاسمانى حەوتەمدایەو نزیکى عەرشەو درەختێکى پڕ گەڵاو سێبەر خەست و چڕو پڕە، زیاتر ڕوونیدەکاتەوەو دەفەرموێ: (سیدرە) لە [عندها جنة المأوى] لاى ئەو بەهەشتەیە کە ناوى بەهەشتى حەوانەوەیە، [إذ يغشى السدرة ما يغشى] واتە: ئەوکاتەى موحەممەد سیدرەى بینى، سیدرە داپۆشرابوو بەوەى داپۆشرابوو، واتە: لە کاتى دیدارەکەدا نوورى خواو، فرە زۆرى فریشتەکان سیدرەیان پڕکرد بوو، دواتر خودا تەزکیەو پشتگیرى ئەم بڵندبوونەوەیەو بینینەکانى پێغەمبەر ﷺ دەکات و دەفەرموێ: [مازاغ البصر وماطغى] چاوى پێغەمبەر ﷺ لە بینین و تەماشاکردن لاى نەداو سەرو ژێرى نەکردو، زیادەڕەوییشی نەکرد لە بینینەکەدا، واتە: رێک و درووست سەیری ئەو شتەى کرد کە بریاربوو سەیرى بکات، وە ئەوەى دیتى حەق و راستى بوو. [لقد رأى من آياته الكبرى] بەڕاستى پێغەمبەر ﷺ گەلێک بەڵگەو نیشانەى گەورە گەورەى پەروەردگارى خۆى لە سەفەرەکەیدا – وەک: (سدرة المنتهى)و (بیت المعمور) و بەهەشت و دۆزەخ و.. هتد- بینیى. ئەمانەى باسکران هەموو قورئان و فەرموودەى رب العالمین بوو، قورئان موتەواترەو لاى هیچ تاقم و دەستەیەک گومان لە موتەواترى نیە، وە فەرموودەشمان زۆرە لەو بارەوە کە پێشەوا فەرموودەناسەکان دەڵێن فەرموودەکان موتەواترن و زیاتر لە (20) هاوەڵى بەرێز فەرموودەى (میعراج)یان گێڕاوەتەوە، چەندان هاوەڵی بەرێزى وەکو ئەنەسى کوڕی مالیک و ئەبوزەڕو غەیرى ئەمانەش لە بوخارى و موسلیم و باقى سونەنەکاندا بە موتەواترى هێناویانەو باسیان لێوە کردووە، بۆیە بابەتى میعراج نەک لە قورئاندا نەهاتووەو بەڵکو بەپێچەوانەوە لە قورئان و فەرموودەى موتەواتریشدا هاتووەو، بە زیاتر لە باسی ئیسراو شەوڕەوی. 


 والله أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود

بەروار2020/03/24سەردان 9964