حوکمى باوەڕکردن و کارکردن بە بوورجەکان.؟

حوکمى باوەڕکردن و کارکردن بە بوورجەکان.؟

خوای‌ پەروەردگار لە کتێبە پیرۆزەکەیدا دەفەرموێ: (ولقد جعلنا في السماء بروجا) واتە: بەڕاستیى ئەستێرە گەلێکى ڕووناکمان خستۆتە ئاسمانەوە، یان چەند (بورج)و جێگەیەکمان بۆ هاتووچۆى ئەستێرەو خۆرو مانگ لە ئاسماندا داناوە. عەرەبەکان بۆ زانین و ناسینى کات  و ساتی ئیش و کارەکانیان ئەو شوێن و (بورج)ـانەیان بەدوازدە هەژمارد، هەر یەکەشیان بەپیێ ئەقڵى ئەو سەردەمەیان ناوێکیان بۆ دانابوو, وەک: بورجى (بەرخ، گا، جەوزا، قرژاڵ، شێر، گوڵ، تەرازوو، دووپشک، کەوان، جەدى، سەتڵ، ماسى).

خوێنەرى هێژا: لەکاتى نووسینى تەفسیرى ئەم ئایەتەدا، دیتم (عەلمانى)یەکان - کە باوەڕیان بە (میتافیزیکى)و (ماوراء الطبيعة) نیەو، هەمووشتێک بەلاى ئەوانەوە هەر ئەوەیە کە چاو دەیبینێ - زۆرێکیان بە بورجەکاندا هەڵدەدا، بۆ نموونە دەیانگوت: هەرکەسێک لە مانگى ئەوەندەدا لەدایک بووبێ، ئاییندەو چارەنووسى و (بەخت و ناوچاوى باش دەبێ، یان بێ بەخت و چارە ڕەش دەبێ.!).
جا منیش بەواجبێکى ئیسلامییم زانى کە لە دیدى ئیسلامەوە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەو ڕاو بۆچوونەیە بنووسم، بەهیواى دەرکەوتنى هەق و ڕاستییەکان و، گەڕانەوەى ئەوانیش بۆ سەر ڕاى ڕاستەقینە..!!

یەکەم: پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێ: ((مَنْ أَتى عَرّافاً فَسَأَلَهُ عَنْ شى لَمْ تُقْبَل له صَلاة أرْبَعينَ لَيْلة)).(صحيح مسلم، كتاب السلام، باب تحريم الكهانة وإتيان الكهان، حديث : ‏4232) واتە: هەرکەسێک شتێک لە ئەستێرە ناسێک بپرسێت، ئەوا نوێژى چل دانە ڕۆژى وەرناگیردرێ (ئەگەر پێی کافر نەبێت.!).

دووەم: لەپێغەمبەریان ﷺ پرسى دەربارەى (کاهین- نقڵانە) چییە.؟! ئەویش ﷺ فەرمووى: ((لَيْسوا بِشىء)) لەسەر هیچ بنەمایەک نین و فڕیان بەڕاستییەوە نییە.! گوتیان: خۆ ئاخر بڕێ جار ڕاست دەڵێن: ئەویش ﷺ فەرمووى: ((تِلْكَ الكَلِمَةُ مِنَ الحَقِّ يَخْطَفُها الجِنىُّ فَيُقَرْقِرُها فى أُذُنِ وَليّهِ، فَيَخْلِطونَ مَعَها (أَكْثرَ مِنْ) مَأَةِ كِذْبَة)) رواه مسلم، 41/1568.

بەڵێ دەکرێ کە: (جن)یەکان یەک بێژەو وشە بفڕێنن و، بیخەنە گوێى دۆستەکانیانەوە، پاشان ئەوانیش سەد درۆى پێوە بنێن. سێیەم: (زەیدى کوڕى خالید) دەڵێ: کاتێ لە حودەیبییەدا بووین، پەڵە هەورێک بەئاسمانەوە دەرکەوت، ئەوجا پێغەمبەر ﷺ فەرمووى: ((أتدرون ماذا قال ربكم الليلة.؟)) واتە: ئەرێ دەزانن پەروەرێنتان ئەمشەو چى گوت.؟! گوتیان: مەگەر هەر خواو پێغەمبەرەکەى ﷺ بزانن، فەرمووى: ((أصبح من عبادي مؤمن بي وكافر)) بەندەکان بوونە دوو بەرەوە: هەندێ بوونە خاوەن باوەڕ، هەندێک بوونە کافرو خوانەناس ((فأما من قال: مُطِرْنا بفضل الله ورحمته، فذلك مؤمن بي، كافر بالكوكب)) واتە: ئەو کەسەى دەڵێت: هەر بە فەزڵ و میهرەبانى خوا بارانمان بۆ دەبارێ، قسەکەى راستەو، باوەڕیشى بەخوا هەیەو هەقەو، نکووڵى و حاشاى لە ئەستێرانە. ((وأما من قال: مُطِرنا بنَوْء كذا وكذا، فذلك كافر بي، مؤمن بالكوكب)).(بوخاریى/846، موسلیم 71) ئەو کەسەش بڵێ: بەهۆى ئەو ئەستێرەیەوە بارانمان بۆ دەبارێ، دیارە کە ئەوە باوەڕى بەخوا نییەو، ئەستێرەکان بەهەق دەناسێت.! چوارەم: پێغەمبەر  دەفەرمووێ: ((أربع في أمتي من أمر الجاهلية، لا يتركونهن: الفخر بالأحساب، والطعن فى الأنساب، والإستسقاء بالأنواء، والنياحة)) موسلیم/934. واتە: چوار شت هەن لەکارە خراپەکانى سەردەمى جاهیلیەتن و، لەناو ئوممەتى منیشدا هەردەمێنن و وازیان لێناهێنن:
1. خۆ هەڵکێشان بە بنەماڵەو عەشیرەتەوە.!
2. تانەو تەشەر لەنەسەب و بنەرەتى یەکتر.!
3. خواستنى باران لە ئەستێرەکان.!
4. شین و وەیڕۆ بەشوێن مردووواندا.!

بەڵێ... هەر خێرو شەڕێک لە ئەستێرەکانەوە بناسرێ و بخوازرێ، ئەوە حەرام و قەدەغەیە، وەکو لە فەرموودەکاندا باسکراوە، بۆ نموونە دەگوترێ: ئەگەر لە فڵانە مانگدا لە دایک بووبێت، ئەوە ژیانت خۆش دەبێ و سەرکەوتوو دەبێت، بڕوانامە وەردەگرێ، هیچ کۆسپ و لەمپەڕێک نایەتە رێگاى.. هتد. کردنى ئەم جۆرە گوتانەو، باوەڕبوون پێیان، ئەگەر مرۆڤى پێ کافر نەبێت، بێگومان بن دەبێتە موشریک و هاوبەشدانەر بۆخوا، ئاشکرایە کە بیرو بۆچوونى ئاوا بەتایبەتى لەم سەدەى بیست و یەکەدا زۆر جێگەى سەیرو سەمەرەیە.! چونکە خەڵکانى هەڵگرى فیکرى عەلمانییەت، بڕواى بەهیچ شتێکى نادیارو (ماوراء الطبيعة) نییە، کەچى لەولایشەوە بڕوا بەو شتە توڕەهات و ئەفسانانە دەکەن، پێیان وایە شەنس و نگینیان بەفڵانە ئەستێرەوەیە.

خوێنەرى بەرێز: ئەم جۆرە مەسەلانە، ئەو ئەستێرە باران دەبارێنێ و ئەگەر لەفڵانە مانگدا لەدایکبوویت سەرکەوتوو دەبیت، ئەمانەو چەندین بیرو بۆچوونى ترى ئاوا، لەدینى ئیسلامى پیرۆزدا قبووڵ نین و بە کارێکى ئەفسانەیان دادەنێ، من وا دەزانم ئەو کەسانەى ئەو بیرو باوەڕەیان هەیە، بۆ خۆیان ڕووخاون و، لەبەردەم گیرو گرفت و کۆسپەکانى ژیاندا هەرەسیان هێناوە، دەیانەوێ (بە خەیاڵى خۆیان) بەو شتانە تین و گوڕێک بەخۆیان بدەنەوە، لەولایشەوە ئەوانە کە پەرچەمى بێ دینى و (عەلمانییەت)یان بەرزکردۆتەوە، نابێ بگەڕێنەوە بۆلاى شتە (غەیب)و نادیارەکان، ئەگینە بەرنامەکەیان هەڵدەوەشێتەوەو، دەکرێ باوەڕیان بە (غەیب) ببێ و، باوەڕیان بە هەندێکى نەبێت.! دڵنیاشبن کە دیارییکردنى چارەنووس و بەخت خوێندنەوە، تەنیاو تەنیا هەرخواى باڵادەست دەیزانێ و، ئەنجامى ئەمانەش کە ئەوان دڵى خۆیانى پێخۆش دەکەن بەسراوە بەهەوڵ و تێکۆشان و جیهادو خۆماندووکردنەوە، نەک بەوە کە لەفڵانە (بورج)دا لە دایک ببێت.

ئەحمەد كاكە مەحموود

بەروار2020/03/23سەردان 127