حوکمى شەرعى لەو پارەو عوملانەدا کە زێڕو زیو نین.؟

حوکمى شەرعى لەو پارەو عوملانەدا کە زێڕو زیو نین..!

لەمەڕ کڕین و فرۆشتنى پارەیەک - غەیرى زێڕو زیو بێ – وەک پارەى کاغەزو ئەو شتانەى ئێستا لە جیهاندا سەوداو کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکرێت، زانایان بوونەتە دوو دەستە:

یەکەم/ دەڵێن: کڕین و فرۆشتنى هەر عوملەو پارەیەک غەیرى زێڕو زیو – وەک پارەى ئێستا – چ لەگەڵ ڕەگەزى خۆیدا وەک دینارێک بە دوو دینار، یان دۆلارێک بە دوو دۆلار، وە بە چ ڕەگەزى جیاواز، وەک دۆلارێک بە بیست دینار یان دە دینارى ئەصڵى کاغەز بە 12 دینارى ئاسن، سوودو ڕیباى تێدا نییە، بەڵگەیان ئەمانەى خوارەوەیە:

پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت:
1- (زێڕ بە زێڕ مەفرۆشن، مەگەر کاتێ کە هەردووکیان بە ئەندازەى یەک بن، وە هەروەها زیو بە زیو مەفرۆشن مەگەر بە ئەندازەى یەک بن، بەڵام زێڕ بە زیو، وە زیو بە زێڕ، بە ئارەزووى خۆتان بفرۆشن، واتە ئەگەر چى بە ئەندازەى یەکیش نەبن).(رواه البخاري، رقم الحديث /2175).

2- (زێڕ بە زێڕ ڕیباو سوودە، مەگەر کاتێ کە هەردووکیان پێکەوە دەست بە دەست وەربگیردرێن).(رواه البخاري /2174).

3- (دینارێک بە دوو دینارو، درهەمێک بە دوو درهەم مەفرۆشن).(رواه مسلم /1584) لە هەموو ئەم فەرموودانەدا باسى (سوود) لە زێڕو زیودا کراوە، جا کەواتە: (سوود) تەنها لە زێڕ و زیودا هەیەو لە شتى تردا نییە، ئەگەر هەبوبا باس دەکرا.

4- زۆرێک لە زانایان وتویانە فلسێک بە دوو فلس دروستە، جا ئەم پارەى ئێستایەش لە بەر دوو هۆ وەک فلس وایە:
هۆى یەکەم: هیچ کامێکیان لە زێڕو زیو نین.
هۆى دووەم: کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکرێت.
جا کەوایە فرۆشتنى پارەى ئێستا سەر بە سەر، یان بە زیادو کەم بە ڕەگەزى خۆى بێت، وەک دینارێک بە دینارو نیوێک، یان بە ڕەگەزى تر وەک دینارێک بە سێ تمەن درووستە.

5- زێڕو زیو: وەک لە فەرموودەکانى خاڵى (1و2و3)ـەوە دەردەکەوێت، چ لە شێوەى پارەدا بێت وەک دینار و درهەم، یان لە قاڵبى زێڕو زیو بێ، یان کرابێتە خشڵ بۆ ڕازاندنەوەى ئافرەت، (سوود)ى تێدایە، جا کەواتە زێڕو زیو جگە لەوەى پارەن خۆیان نرخ و بەهایەکى تایبەتییان هەیە کە لە عوملەکانى تردا نییە، جا کەوابوو ئەم پارەى ئێستا جێگەى زێڕو زیو ناگرێتەوە.

دووەم: کۆمەڵێکى تریان دەڵێن: درووست نییە کڕین و فرۆشتنى ئەم پارەى ئێستا بە زیادو کەم، لە کاتێکدا نەبێت بە ئەندازەى یەک بن دەست بە دەست بێ، جا ئەگەر وا نەبێت ئەوە (سوود)ـەو حەرامە، بەڵگەیان ئەمانەیە:

1- ئەم پارەو پوولەى ئێستا وەک زێڕو زیو وایەو جێگەى ئەوانى گرتووەتەوە، هەموو ئەو شتانەى بە زێڕو زیو کڕاون وەک کەلوپەل، بەم پارانەش دەکڕدرێن، هەروەها وەرگرتنى لە کرێ و مارەییدا، هەموو ئەو مامەلآنەى کاتى خۆى بە زێڕو زیو کراون بەم پارەیەش دەکرێن، کەواتە جیاوازییەکى نییە لە گەڵ زێڕو زیودا.

2- هەمان هۆ (العلة) کە بووەتە هۆى درووست نەبوونى فرۆشتنى زێڕ بە زێڕو زیو بە زیو بە کەم و زیاد، کە بریتییە لە یەک ڕەگەزیى و پارەیەتى (الثمنية)، هەمان هۆ لە پارەى ئەمڕۆدا هەیە، جا ئەگەر بە ڕەگەزى خۆى بفرۆشێت بە زیادو کەم وەک دینارێک بە دینارێک و سەد فلس، ئەم هۆ (علة)یەش کە یەک ڕەگەزیى و پارەیەتیە، بەهێزترە لە ڕاى ئەو زانایانەى کە دەڵێن هۆ (علة)ى سوود یەک رەگەزیى و کێشانەیە، چونکە زانایان بە یەک دەنگى (إجماع) وتوویانە زێڕو زیو درووستە لە مامەڵەى (سەلەم)ــدا بدرێن لە سەلەمى شتێکى کێشراودا وەک لۆکەو ئاسن و یاقوت..
لە کاتێکدا ئەگەر هۆ (علة)ى سوود، کێشانە بێت لەگەڵ یەک ڕەگەزیدا، ئەگەر یەک ڕەگەز نەبوون، وەک ئەو نموونانەى کە لە سەلەمەکەدا باسمان کرد، ئەوا زیادو کەم بوون لە نێوانیاندا درووستە، بەڵام دەبێت دەست بە دەست و بێ دواکەوتن لە کاتێکدا شتە سەلەم کراوەکە دواى ماوەیەک تەسلیم بکرێت، دەست بە دەستى تیا نابێت و هەموو زانایانیش ئەو جۆرە سەلەمەیان لا درووستە، کەواتە ئەو ڕایە کە دەڵێت: (سوود) لە زێڕو زیودا یەک رەگەزیی و پارەیەتییە.. ئەو دوو شتەش لە گۆرینەوەو فرۆشتنى پارەى ئەمرۆ بەرەگەزى خۆی هەردووکیان هەیە، کەواتە (سوود) لە پارەى ئەمڕۆدا هەیە.

3- هەروەها زانایانى کۆمەڵى دووەم وەڵامى بەڵگەکانى کۆمەڵى یەکەم بەم شێوەیە دەدەنەوە:

أ: (سوود) تەنها لە زێڕو زیودا هەیە، جا ئەگەر لە شتى تردا هەبوایە، فەرموودەکان باسیان دەکرد، ئەمە وا نییە، لە فەرموودەى (موسلیم)دا هاتووە کە شەش شت (سوود)ى تیایە جگە لە زێڕو زیو، چوار شتى تریش لە خواردەمەنى هەیە، وەک گەنم و جۆو خورماو خوێ، هەموو ئەو زانایانەى کە دەڵێن (سوود) لە غەیرى زێڕو زیودا نییە، شتانى تر قیاس دەکەنە سەر ئەو چوار شتەى غەیرى زێڕو زیو لە خواردەمەنى، بۆ هەر شتێک هۆ (علة)ى تێدا بێت هەمان حوکمى ئەمانەى دەبێت.؟! کەچی بۆ هەر شتێک هۆ (علە)ى زێڕو زیوى هەبێت، هەمان هۆی ئەوانى نەبێت.!! ئەمە جیاکردنەوەیەکى بێ بەڵگەیە.

ب: زێڕو زیو جگە لەوەى پارەن نرخ و قیمەتێکى تایبەتى بەرزى خۆیشیان هەیە کە لە شتى تردا نییە.. ئەمەشیان وانییە، چونکە ئەڵماس لە زێڕو زیو بە نرخ ترەو بەلاى ئەوانەوە (سوود)ى تیا نییە.. یان یاقوت و مروارى کە نرخێکى زۆریان هەیە بە هەمان شێوە بەلاى ئەوانەوە (سوود)ى تێدا نییە. کەواتە هۆ (علة)ى سوود لە زێڕو زیودا پارەبوونى ئەو دوانەیە، ئەگەرنا دەبوو لەو شتە بەنرخانەى تر (سوود)ى هەبوایە.

ج: پارەى ئێستا وەک (فلس)ـى جارانە کە تەنها زێڕو زیو پارە بووە.. دەڵێن ئەمە ڕاست نییە لەبەر سێ هۆ:

1- پارەى ئێستا هەمان دەورى زێڕو زیوى کاتى خۆى دەبینێت، بەڵکو زیاد لەوەش بە پارەى ئێستا زێڕو زیو دەکڕرێت، بگرە - لەبەر ئەوە نەبوایە کە زێڕو زیو فەرموودەى پێغەمبەرى ﷺ لەسەرە کە سوودى تێدایە - دەتوانرا بوترێت: ئێستا زێڕو زیو بوونەتە ماڵى بازرگانى، ئەکڕرێ و ئەفرۆشرێ بۆ جوانى، نەک پارەبێ و شتى پێ بکڕرێت.. بەڵام بوونى فەرموودە لەسەر بوونى سوود (ڕیبا) تیایدا ئەوە ڕاست نییە بوترێت.. چونکە (فلس)ـى سەردەمى پارەى زێڕو زیو شتى بچوک و هەرزانى پێ دەکڕرا.. بەڵام پارەى ئەمڕۆ هەموو شتێکى پێ دەکڕرێت، لەو شتانە زێڕو زیویش دەگرێتەوە.
(فلس) لەو سەردەمەدا لە هەموو وڵات و جێگایەکدا وەکو پارە بەکار نەهاتووە، بەڵکو بەهۆی لەبەر چاو گرتنى خاڵى یەکەم لە هەندێ وڵاتدا بەکار هاتووە، وەک وڵاتى خۆراسان کە لە (المجموع)دا دەڵێ: (والعلة عندنا كون الذهب والفضة جنس الأثمان غالبا وليست الفلوس كذلك، فإنها وإن كانت ثمنا في بعض البلاد، فليست من جنس الأثمان وان لم تكن اثمانها). واتە: هۆى (سوود) بەلاى ئێمەى شافیعییەکانەوە لە زێڕو زیودا ئەوەیە کە ڕەگەزى پارەن بە زۆرى، بەڵام فلس وا نییە، با لە هەندێ وڵاتیشدا پارە بێت، بەڵام بە زۆرى وانییە، کەواتە فلس پارە نییە.. بەڵام پارەى ئەمڕۆ بە زۆرى بەڵکو بە تەنیا پارەیە، کەواتە دانانیى و سەیر کردنى وەک (فلس)ـى جاران ڕاست نییە، بەڵکو وەک زێڕو زیو وایە، نەک وەک فلس.

2- بەشێک لە زانایان ڕایان وایە کە لە (فلس)دا (سوود) هەیە، وەک ئیمامى مالک و محمدى کوڕى حەسەن و هەندێک لە زانایانى شافیعیى و ئیبن تەیمیەو ئیبن قەیم.
سەرەڕاى هەموو ئەوانەى باسمان کرد، ئایا حیکمەتى حەرام کردنى (سوود) رێگرتن نییە لە خواردنى ڕەنج و زەحمەتى خەڵکى بەبێ بەرامبەر.؟!! ئەگەر ئەمە ڕەچاو بکەین، نابێ بڵێین (سوود) تەنها لە زێڕو زیودا هەیە، بەڵکو هەر شتێک هەمان ڕۆڵى زێڕو زیوى هەبێت، هەمان حوکمى زێڕو زیوى هەیە لە بوونى (سوود) تیایدا.
هەروەها ئێستا دەوڵەمەندى بەم پارەى ئێستایە، زەکات لەم پارەیە دەدات، پێویستى هەژارو فەقیر بەم پارەیە لادەبرێت، هەروەها لە کرێ و مووچەدا دەدرێت، واتە: هەموو ئەو ئیش و کارانەى کاتى خۆى بە زێڕو زیو کراون ئێستا بەم پارەیە دەکرێت، کەواتە ڕاست نییە بڵێین پارەى ئێستا لە هەموو کڕین و فرۆشتن و مامەڵەیەکدا وەک زێڕ و زیو وایە، بەڵام لە (سوود) (ڕیبا) تیا بووندا وەک زێڕو زیو نییەو سوود (ڕیبا)ى تیا نییە.!

ئەگەر ئەم پارەیەى ئێستا سوود (ڕیبا)ى تیا نەبێت، ئەم خراپانە درووست دەبێت:

1- ئەم پارەى ئێستا زەکاتى لێ ناکەوێت وەک پارە، بەڵکو لە نرخەکەى دەکەوێت، وەک کاغەز وایە بۆ ئەو پارانەى کە کاغەزن، هەروەها وەک ئاسن و مس و.. هتد، وایە، بۆ ئەوانەى کە غەیرى کاغەزن، بەڵام لە واقیعى ئەمڕۆى موسڵماناندا وا نییە، بەڵکو وەک زێڕو زیو حسێب دەکرێت بۆ زەکات لێدان.

2- ئەگەر ئەم پارەى ئێستا وەک زێڕو زیو نەبێت هەموو ئەو مامەلآنەى بەم پارەى ئێستا دەکرێت دەبێ بەتاڵ بێت، چونکە پارە نییەو ماڵى بازرگانییە، ئەگەر وا نییە کێ خانوویەک دەدات بە گۆنییەک کاغەز.؟! کەواتە پارەیە نەک ماڵى بازرگانى.

3- دانى ئەم پارەیە لە مارەییدا درووست نییە، ئەگەر پارە نەبێت، چونکە کەس میقدارێک کاغەز وەرناگرێت لە بڕى مارەییدا، هەروەها دانى لە بڕى خوێندا درووست نییەو کابراى بکوژ خوێنەکەى لەسەر ناکەوێت.، بەڵام ئەم شتانە هیچى وانییە، چونکە ئەم پارەیە خەڵک وەک پارە سەیرى دەکەن نەک وەک کاغەزو کانزا.

4- ئەگەر یەکێک ئەم پارەیە بدزێت دەستى نابڕرێت لە ئیسلامدا، مەگەر نرخى کاغەزەکە بگاتە روبعە دینارێکى زێڕ، ئەمە وانییە، هەرچۆن لە زەکات لێدانى ئەم پارەیەدا وەک زێڕ حسێب کرا، لێرەشدا بە هەمان شێوەیە.

5- ئەمە کردنەوەى دەرگاى (سوود)ە بۆ سوود خۆرەکان و (ئیستیغلال)و چەوسانەوەى فەقیرو هەژارانە لە لایەن ئەو سوود خۆرانەوە، چونکە ئەمڕۆ زێڕو زیو نەماوە وەک پارە لە ناو خەڵکداو هەموو موعامەلاتێک بەم پارانە دەکرێت و ئەم پارەى ئێستا جێگاى زێڕو زیوى گرتۆتەوە، ئەگەر (سوود) لەم پارەیەدا نەبێت کەواتە لە زێڕو زیویشدا نابێت، چونکە وەک یەک دەور دەبینن، کەس قسەى واناکات، کەواتە (سوود) لەم پارەى ئێستادا هەیە.

لە کۆتاییدا ئایا دە دینارى کاغەز بە دوازدە دینارى ئاسن یان تەزویر بە ئەصڵى بە زیادو کەم دروستە.؟!

دەڵێین: ئەم پارەى ئێستا بە دوو شت بووەتە پارە، یەکەم: دەوڵەت و سوڵتە کردوویەتى بە پارەو ئەم نرخەى پێداوە. دووەم: موعامەلە کردنى خەڵک پێى و سەیر کردنیان بۆى وەک پارە، بەڵگەى ئەم دوو مەرجە بریتییە لە:

1- بۆ مەرجى یەکەم هیچ شتێک لە خۆیەوە نابێتە پارەو سکە، تا دەوڵەت و سوڵتان نەیکات بە سکە، ئەوەتا لە سەردەمى پێغەمبەردا ﷺ لەبەر ئەوەى سکەو پارەى ئیسلامیى نەبوو، دینارو درهەمى فارسى و بێزەنتى، وەک پارە کڕین و فرۆشتنى پێدەکرا، بەڵام لە سەردەمى عبدالملیکى کوڕى مەرواندا پارەى ئیسلامیى لێدراو جێگەى ئەوانى گرتەوە.

2- بۆ مەرجى دووەم پێویستە ئەگەر پارەیەک زێڕو زیو نەبوو، خەڵک بەو نرخەى لە سەر ئەو پارەیە نوسراوە موعامەلەى پێ بکەن، ئەگەر وا نەبێت دەبێ بڵێین:

أ: پارەیە بەو نرخەى کە موعامەلەى پێ دەکرێت لە ناو خەڵکدا.

ب: ڕاستتر وایە بڵێین پارە نییە وەک کەل و پەلى بازرگانى وایە، بە هەر نرخێک بفرۆشرێت و بکڕدرێت درووستە، زۆرێک لە زانایانى ئیسلام ئەم مەرجەى دووەمیان بە مەرج گرتووە لە (فلس)دا، بۆ ئەوەى بە پارە دابنرێت، جا هەر پارەیەک ئەم دوو مەرجەى تێدا نەبوو ئەوە دەبێتە ماڵى بازرگانى خەڵک بە چەند بیکڕن درووستە.
ئەم پارەى ئاسن و تەزویرەش لە کوردستاندا ئەو دوو مەرجەیان تێدا نییە، چونکە ڕەواجیان نییە وەک ئەو نرخەى لە سەریان دانراوەو بەو شێوەیە ناڕوات لە ناو خەڵکدا، کەواتە بە پارە نەماوە، چونکە لەراستیدا کاتێک ئەو کاغەزە یان ئەو کانزایە دەبێـتە پارە، لەسەرى نووسراوە ناو خەڵکدا هەمان نرخى هەبێت، کەوابوو بە پارە نەماوەو بووەتە ماڵى بازرگانى، چۆن بیکڕن و بیفرۆشن درووستە. 

(سەرچاوەکان: البداية. 3/63.- المجموع شرح المهذب. 9/393-395. -صحيح مسلم. رقم الحديث 1587. - الجامع لأحكام القرآن. ج 3-4/351. - الفتح العزيز شرح الوجيز على هامش المجموع. 8/162. - الرسالة الإسلامية. العدد 225/80. - أسهل المدارك. 2/233.- مجموع الفتاوى لإبن تيمية. 29/459-460, 468-472.- بدائع الصنائع. 5/212, 6/59.- المدونة الكبرى للإمام مالك. 3/396).

والله أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/03/22سەردان 74