دەبێت بەڕێوەبەرى زیندان کێ بێت.؟

دەبێت بەڕێوەبەرى زیندان کێ بێت.؟

وەڵام: هیچ گومان نییە کە ئایینى پیرۆزى ئیسلام، ئایینى هەموو کات و ساتێکە، وە هەموو بە دڵنیاییەوە وتوومانە: ئیسلام یاسای بۆ هەموو شتێک داناوە.. یەکێک لەو شتانە – کە لەوانەیە بە بیـردا نەهاتبێت – باسى (زیندان) و (زیندانى)یە.... جا من نامەوێ لەم کورتە باسەدا دەست ڕابکێشم بۆ تەواوى بوارەکانى زیندان و زیندانى، چونکە ئەوە زۆرى دەوێ، بەڵکو دەمەوێ باسى سیفەتەکانى بەڕێوەبەرى (زیندان) بکەم.. واتە: کێ دەکرێ بە (بەڕێوەبەر)ى زیندانییەکان.؟ ئەو زیندانیانەى دەخرێنە بەردەستى.؟!

بۆ ئەمە زاناکان – خوا لێیان خۆش بێت – کۆمەڵێ ماناو مەبەست و سیفاتیان دیارى کردووە کە دەبێ لە بەڕێوەبەرى زیندانەکاندا بن:

یەکەم: خاوەن (ئەمانەت) و سپاردە بێت، وە یا دەتوانین بڵێین: خاوەن متمانە بێت. وەک خودا دەفەرمووێ: (..إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الْأَمِينُ).. هەر بۆ ئەم مەبەستە بوو (عومەرى کوڕى عبدالعزیز) نامەى نووسى بۆ یەکێک لە کارگێڕەکانى و فەرمووى: (اجعل على حبسك من تثق به، ولا يرتشى) واتە: کەسێک بکە بە سەرپەرشتیارى بەندیخانەکەت کە متمانەت پێى ببێ و، بەرتیل نەخوات.
(ئەبوو یوسف)ى (قازى)یش (هارونە ڕەشید)ى وشیار کردەوە بۆ ئەم مەبەستەو وتى: (دەبێ پیاوێکى ئەمین و خاوەن متمانە بکەیت بە (بەڕێوەبەر)ى زیندانییەکان، هەتا ئاگاى لە خواردن و حاڵ و ئیسراحەتیان بێت و بە وردى سۆراخى ژیانیان بکات.

دووەم: زیرەک و وریا بێت، زانایانیش بەم زیرەکى و هۆشیارییە دەڵێن: (الکیاسە). چونکە زیندانى لە هەموو کەس پتر پێویستى بە چارەسەرو پەروەردەو پێگەیاندن و تێگەیاندن هەیە، بۆیە دەبێ ئەو کەسەیش (بەڕێوەبەر)ى بەندیخانە بێت زۆر وردەکار بێت، تا بتوانێ فیکرو بیروبۆچوونى زیندانیەکە بەرەو فیکرو ڕەوشتێکى بەرز بگۆڕێ.. چەندان شێواز بەکار بێنێت بۆ ئەوەى بەو نەخۆشیەوە نەگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە.
بە کورتى: "بەڕێوەبەرى بەندیخانە دەبێ مامۆستایەکى زۆر دڵسۆز بێت  بۆ ئەو بەندکراوانەو کۆمەڵگەى دەوروبەرى".

سێیەم: خاوەن سیفاتى (مەردان)ـە بێت، واتە: خۆى لە خۆیدا حاڵەتێکى واى تیا بێت ئەو مرۆڤە هەڵنێت بۆ کردارى چاک و، ڕەوشتى بەرزو، دوورى بخاتەوە لە هەر حاڵەتێکى نا جوامێرانە.

چوارەم: دەبێ بەناوبانگ بێت بە ئەهلى زیندان، دەبێ چارەسەر بێت نەک دەزگایەک بێ بۆ تۆڵەسەندنەوە، ئەهلى خێرو صاڵح بێت، (ئەبوو یوسفى قازى) لە وەصیەت نامەیەکدا ئەوەى نووسى بۆ هاروونە رەشید، بە تایبەت زۆر دووپاتى کردەوە کە بەڕێوەبەرى بەندیخانەى ژنان دەبێ زۆر زۆر صاڵح و چاکەکار بێت، دیارە ئەوەیش بۆ ئەوەیە زیندانییەکان چاوى لێ بکەن، بەڵکو ووردە ووردە بگۆڕێن.

پێنجەم: نەرم و خاوەن (رفق) بێت لە گەڵ زیندانییەکاندا. بۆ ئەوەى ستەمیان لێ نەکات و مافیان پێشێل نەبێت.. جگە لەوەى زیندانین بێ بەش نەکرێن لە مافى تریان، مەگەر شتێک یاساى ئیسلام بۆیان ببڕێتەوە.

شەشەم: ڕەوشت شیرین و قسەى خۆش بێت. دەڵێن: کاتێ (بوويطي) لە زیندانى (واثق)دا دەستگیر کرابوو، بە ڕۆژى هەینیدا دەهات بۆ دەرگاى زیندانەکە، دەیویست بڕوات بۆ نوێژ، پێیان دەوت: بگەڕێرەوە خوا بەزەیى پێتا بێتەوە، خوا عەفووت بکات..!
(طبرى)یش دەڵێت: پاسەوانەکانى (یوسف، علیە السلام) کاتێ دیتیان زۆر صالح و پیاو چاکە وتیان: ئەى لاو..! سوێند بەخوا ئەگەر دەرفەتمان بووایە ئازادمان دەکردیت (لە بەندیخانە)، بەڵام پەیمان بێت چاکەت لە گەڵ بکەین و هەر جێگایەکت پێ چاکە لەوێ دانیشە.

حەوتەم: خاوەنى صەبرو ئارام بێت بەرامبەر بە زیندانییەکان.
پێویستە بەڕێوەبەرى زیندان خاوەن صەبر بێت، چونکە گەلێ جار زیندانى ملکەچى یاساکانى زیندان نابێت، دەبێ لەو کاتەدا زۆر بە ئارام بێت، وە دەبێ وەڵامى داخوازییە شەرعییەکانى بداتەوە، چونکە سەردەمى یەکەم وا بووە، ئەوەتا جارێکیان هاوەڵان پیاوێکیان لە هۆزى (بن عقیل) دیل کردو، پێغەمبەر ﷺ تەشریفى هات و بینى زنجیر کراوە، پیاوەکە ووتى: ئەى موحەممەد.! ئەویش هات و فەرمووى: چى دەڵێت.؟ کابرا وتى: بۆچى منت گرتووە..؟! ئەویش فەرمووى: بە هۆى تاوانى هاو سوێنەکانتەوە لە (هۆزى سەقیف) گیراوى. پاشان پەیامبەر ﷺ ڕۆیشت، کەچى کابرا یەک دوو جار (ئەى موحەممەد.! ئەى موحەممەد.!) بانگى لێکردەوە... پەیامبەریش ﷺ وەک هەموومان دەزانین زۆر بە میهرەبانە، دڵ نەرمە، ئینجا گەڕایەوە بۆ لاى کابراو فەرمووى چى دەڵێیت.؟ ووتى: من موسڵمانم، پەیامبەر فەرمووى: ئەگەر ئەو کات بتوتایە کارت بە دەستى خۆت بووایە، تەواو بەختیار دەبوویت.، پاشان ڕۆیشت..! کەچى کابرا دووبارە بە (ئەى موحەممەد.! ئەى موحەممەد.!) بانگى لێکردەوە.!! ئەویش دەست بە جێ هات و فەرمووى چى دەڵێیت و چیت دەوێ..؟ دیلەکەش ووتى: من برسیمە، تێرم بکە، تینومە تێر ئاوم بکە، پەیامبەر ﷺ فەرمووى: ئەمە بوو کارەکەت.؟ پاشان فەرمووى: داخوازییەکانى جێ بەجێ بکەن. موسلیم ریوایەتى کردووە.

هەشتەم: (لەیاقەتى بەدەنى) ببێت: واتە تەواوى ئەندامەکانى لەشى ساغ بن، بۆ ئەوەى بە ئاسانى بتوانێ ئەرکەکانى خۆى ئەنجام بدات، لەولایشەوە ئەگەر زیندانییەکى لاسار لارى کرد بتوانێ دایمرکێنێتەوە، وەک فەرمووى: (..إن خير من استأجرت القوي الأمين). بۆیە پێشەوا (على) لە (بەصرە)دا هۆزێکى بەهێز دەکرد بۆ پاسەوانى زیندانییەکان.

نۆیەم: ڕۆشنبیرو پسپۆڕ بێت. واتە: ماف و ئەرکى زیندانى بزانێ و، بزانێ خۆیشى چەندە دەسەڵاتى پێدراوە بەرامبەر بە زیندانییەکان، دەتوانێ بەیناو بەین خولى پەروەردەییان بۆ بکاتەوە، ئامۆژگارییان بکات و مێشکیان زاخاو بداتەوەو، ئیسلامێکى تێرو تەسەلیان فێر بکات. هەر بۆیە لە سەردەمى پێشەوا (عەلى)و دواتریش چەندان خولیان بۆ ئەکردنەوە بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندنیان.
ئەمەو چەندین (صیفات)ى تر کە بەڕێز (ئەبوو یوسف القازى) باسى کردوون وەک – بەردەوام - چاودێرى حاڵەتى زیندانییەکان و، گەرماو سەرماو تینویەتى و برسییەتى و، دادگەریى لە گەڵیانداو، سزایەکى ئەوتۆ نەدرێن شەرع پێى ڕازى نەبێت، وە هەروەها کەس و کارى زیندانییەکان ئاگادار بکرێن لە حاڵ و هەواڵى و پێداویستییەکانى.

بەڵێ... دەبێ ئەو صیفەتانەى باسمان کردن لە پاسەوان و بەڕێوەبەرى زیندانییەکاندا بێنەجێ، ئیتر زیندانییەکان پیاو بن، یان ژن، هەرچەندە ژنان لە لاى ئافرەتێکى داوێن پاک و دەست پاکدا زیندان بکرێ، ئەگەر ئافرەتێکى مێردارى ناودارى بە صەلاحەت و بەتەقواو ڕاستگۆ بێت.
(ئیبن تەیمیە – خواى لێ ڕازى بێت -) دەڵێت: تەواوى کارە دەوڵەتییەکان بۆ ئەوەن فەرمان بە چاکەو ڕێگرى لە خراپە بکەن... بۆیە دەبێ هەتا دەگونجێت پیاوى شیاو بۆ هەر کارێک دیارى بکرێ کە شیاوى بێت.. هەر بۆیەش پێشەوا (عومەرى کوڕى عبدالعزیز) دووپاتى دەکردەوە لەگەڵ ئەوانەى دەبنە بەڕێوەبەرى زیندانیەکان کە پاک ڕەوشت بەرزو بە هیمەت بن.

زاناکان دەڵێن: دەبێ بەڕێوەبەرانى زیندانییەکان تێبگەیەنرێن کە ئەو کارەى ئەوانە کارێکى بەرزو پیرۆزە، وە هەل و فرسەتە بۆ خزمەت کردنى ئایین، بە تایبەت ئەو خەڵکە خراپ و لاسارە کە گێرەشێوێنن، وە دەهێنرێنە بەندیخانەکان نابێ بێ گۆڕانکارى بڕۆنە دەرەوە، ئەگەر نە گۆڕان ئەوە بزانە کە بەڕێوەبەرەکە کەمتەرخەمى کردووە، ئەگینە چۆن تینى تێ نەکراو چۆن هاتبوو هەروایش ڕۆیشتە دەرەوە..!!
دەڵێت: جارێک (ئەبوو دەردا) بەلاى خەڵکێکدا دەڕۆیشت، بەر بوبوونە پیاوێک تاوانێکى کردبوو، ئەویش وتى: ئەگەر ئەو کابرایە لە بیرێکدا بوایە ڕزگارتان نەدەکرد.؟ وتیان بەڵێ.. ئەبوو دەردا وتى: دە دژوێنى مەدەنێ و سوپاسى خوا بکەن کە ئێوە ئاوا گیرۆدە نین.
بەڵێ.. پێویستە بەڕێوەبەرى زیندانییەکان ئەو صیفەتانەو چەندانى بەرزتریان تیا بێت، بە پێچەوانە بە دەیان زیندانى مافیان دەسووتێ و دەکەونە بەر خەشم و قینى بێ جێى بەڕێوەبەر.
بە کورتى زاناکان دەڵێن: (زیندانى) تەنها لە گەڕان – بە ئازادى – ڕێى لێگیراوە، ئەگینە دەبێ خۆراک و جێگاو گەرماو سەرماو هەموو حاڵەتێکى شیاو بە ئادەمیزادەوە پێش چاو بگیرێ.

ئایا لە سەردەمى پەیامبەردا (ﷺ) زیندان هەبووە.؟
لە سات و کاتى ئەودا ﷺ جێگایەکى تایبەتمەند نەبووە بە بەندیخانەوەو بەو جێگایە بڵێن زیندان، هەروەک دەستەیەکى کارمەندیش نەبووە بە تایبەت پێیان بڵێن پۆلیسى زیندان، بەڵکو پەیامبەر ﷺ چەند کەسێکى لە هاوەڵان تەکلیف دەکرد بۆ ئەوەى کاروبارى زیندانییەکان ببەن بەڕێوەو، ئەمن و ئاسایشیان بپارێزن، وەک لەم چەند ڕووداوەدا بەدەردەکەوێ:

1. دەڵێن لە کاتى دیلکردنى (عەباس) دا – لە ڕۆژى بەدردا – گوێى لە ناڵین بوو، لەبەر توندى زنجیرەکەى، ئەویش دڵى پڕ بوو بۆى، ئینجا موسڵمانەکان (پاسەوانانى زیندانەکە) بەوەیان زانى و هەڵسان زنجیرەکەیان بۆ شل کرد، پاشان پەیامبەر ﷺ (بەندەکەى) خۆى دەکرد بە بەرپرسی دیلەکانى بەدر.

2. لەگەڵ دیلەکانى (بەدر)دا (سوهەیلى کوڕى عومەر)یان دییل کردبوو و هێنایان بۆ (مەدینە)، لە یەکێ لە ماڵەکانى پەیامبەردا ﷺ بەند کرا.. لەو ماوەیەدا بەسەرە هاوەڵان سەرپەرشتیان دەکردو چاودێرى دەکرا لە لایەن ئەم کۆمەڵە ڕێزدارانەوە (رباح الاسود، ئەنەسى کوڕى مالیک، سەعدى کوڕى ئەبى وەقاص....هتد).

3. زوبەیرى کوڕى عەوامى دانا بە لێکۆڵەر (محقق) بەسەر کوڕەکەى (أبی الحقیق)دا، ئەویشى هێشتەوە، چونکە تۆمەتى ئەوەى لەسەر بوو کە گوایە لە دەستکەوتەکەى (خەیبەر)دا خیانەتى کردووە، ئەمانەو دەیان ڕووداوى تر کە پەیامبەر ﷺ بەندى دەکردن و بەڕێوەبەرى بۆ دادەنان بۆ ئەوەى هەڵ نەیەن، شایانى باسە (مەسعودى کوڕى عەمرى قاریى) کرد بە پاسەوانى زیندانى ژنان لە ڕۆژى حونەیندا.

بەکورتى پەیامبەرى خوا ﷺ جێگایەکى تایبەتى نەبوو ناوى بنێ زیندان، هەر وەک خەڵکێکى تایبەتیشى نەبووە ناویان پاسەوانى زیندان بێت، لە هەمانکاتدا بێ یاسا ئەو گەلەى هەڵ نەسوڕاندووەو، خەڵکى گرتبن و، زیندانى کردبن.؟! لە سەردەمى پێشەوا ئەبوبەکریش هەر ئاوا بوو، هیچ گۆڕانکارییەکى بە سەردا نەهات چونکە ماوەى (خەلافەت)ى کەم بوو، لەو لایشەوە سەرگەرم بوو بە جەنگى ئەوانەوە کە پاشگەزبوونەوە (حروب الردة).

بەڵام لە سەردەمى پێشەوا (عومەر)دا دەوڵەت ڕێکخرا، (ئیدارە و دیوان) داهێنراو و هەموو کارێک کارمەندى تایبەتى خۆى بۆ دانرا، زیندانیش یەکێک بوو لەوانە، ئەوە بوو پێشەوا (عومەر) فەرمانى دا بە (نافیعى کوڕى حارس) کە سەرپەرشتیارى (مەککە) بوو خانوویەکى بۆ بکرێتە بەندیخانە.. گومان لەوەدا نییە بەندیخانە دەبێ بەڕێوەبەریشى ببێ و کاریان هەر ئەوە بێ و خۆیان یەکلا کردبێتەوە تا بتوانن چاودێرى کاروبارى زیندانییەکان بکەن. لەلایەکى ترەوە دەڵێن: لە هەندێ ناوچەدا پۆلیس دادەنرا بۆ زیندانى (معاویە) لە شام و (عەمرى کوڕى عاص) لە (میصر) داو (عبدالله¬ى کوڕى مەسعود) لە (کووفە)دا کارمەندى پۆلیسیان دیارى کرد بۆ زیندانییەکان.
لە سەردەمى پێشەوا (على)یشدا زیاترو زیاتر بەندیخانەو بەڕێوەبەرەکانى پەرەى سەندو جل و بەرگى زستانەو هاوینەى بۆ زیندانیان دیارى کرد لە (عێراق)دا.

ئەمە کورتەیەکى ئەم باسە بوو، ئومێدەوارم سود بەخش بێت و یاسا ئیسلامییەکان – وەک پێویست – پێش چاو بگیرێن لە زیندان و زیندانیەکاندا، ئیتر هەموو لایەک شادو بەختەوەر بن.

 والله أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/03/22سەردان 881