حوکمى دابەشکردنى زەوى لەلایەن شارەوانییەوە.؟

حوکمى دابەشکردنى زەوى لەلایەن شارەوانییەوە..؟!

ئایا ئەو زەوییانەى کە دەوڵەت (شارەوانى) بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشیان دەکا بۆ ئەو هاوڵاتییانە وەرى دەگرن ڕەوایە..؟

دابەشکردنى ئەو زەوییانەى کە خاوەنیان هەیە، ئەگەر لەبەر بەرژەوەندى گشتى بێ، وەک گەورەکردنى (مزگەوت و کردنەوەى نەخۆشخانەو قوتابخانەو ڕێگاوبانى گشتیى و..هتد) لەم حاڵەتانەدا درووستە بۆ دەوڵەت و کاربەدەستان کە خاوەنى ئەو زەوییانە ناچار بکات بە فرۆشتنى زەوییەکانیان، وە با بەنرخێکى گونجاو خۆیان بیکڕنەوەو خاوەنەکانیان ڕازى بکەن و پاشان دابەشیان بکەن بەسەر هاوڵاتیاندا. ئەو کارەى کە عومەرى کورى خەتتاب ﷺ کردى بۆ فراوانکردنى (کەعبە)ى پیرۆز، کاتێ جێگاى حاجیان و نوێژ خوێنان نەدەبووەوە، هەستا دراوسێکانى کەعبەى ناچار کرد بە فرۆشتنى زەویی و خانووەکانیان و پێى فەرموون: (إنما أنتم الذين نزلتم على الكعبة ولم تنزل الكعبة عليكم). (أخبار مكة للأزرقي، ذكر عمل عمر بن الخطاب وعثمان رضي الله عنهما، حديث : ‏680‏) واتە: ئێوە هاتوونەتە لاى کەعبە، کەعبە نەهاتووەتە لاى ئێوە، وە هەروەها خەلیفە عوسمانى کوڕى عەفان ﷺ هەمان کارى کردووە، بەڵام دراوسێکانى کەعبە نەیانویست بە گوێى بکەن، ئەویش فەرمووى: (إنما جرأكم عليّ حلمي، فقد فعل عمر بكم ذلك فلم تتكلموا). (أخبار مكة للأزرقي، ذكر عمل عمر بن الخطاب وعثمان رضي الله عنهما، حديث : ‏680‏) واتە: حیلم و لە سەرخۆیى من واى لە ئێوە کردووە کە بە گوێى من نەکەن کە زەویى و خانووەکانتان نەفرۆشن بۆ فراوانکردنى (کەعبە)، بەڵام خەلیفە عومەر هەمان کارى لەگەڵدا کردن و سەرپێچیتان نەکرد، جا خەلیفە فەرمانیدا بۆ ماوەیەک زیندانى بکرێن.
بەڵێ زانایان ئەم کارەى خەلیفە (عومەر و عوسمان)یان  کردووە بە بەڵگەى درووستى وەرگرتنى موڵک و زەویى و زار لە هاوڵاتیان و بەکارهێنانى لە بەرژەوەندى گشتیدا، وەک: (مزگەوت و نەخۆشخانەو قوتابخانەو جادەو ڕێگاوبان... هتد).
وە لە ئوصوڵى فیقهدا هاتووە: (المصلحة العامة مقدمة على مصلحة الخاصة) واتە: بەرژەوەندى گشتى پێش بەرژەوەندى تایبەتى دەخرێت، وە یاساى: (تنزيل الحاجة العامة منزلة الضرورة، وتحمل الضرر الخاص لتفادي ضرر العام).. جا لەم سۆنگەیەوە زانایانى ئیسلام – خوا لێیان رازى بێـت - دەڵێن: بۆ دەوڵەت درووستە کە زەویى و (عقار)ى خەڵکى بکاتە موڵکى خۆى، بەم مەرجانەى خوارەوە:

1. دەبێ دەوڵەت (تعويض) بریتیان لە جیاتى ئەو زەوییانە بداتێ.

2. دەبێ لەبەر بەرژەوەندى گشتى بێ، نەک بۆ بەرژەوەندى تاکە کەسێکى تر، وە چارەسەر بەبێ هەڵوەشانەوەى ئەو (موڵکە تایبەتە) نەبێ و نەکرێ.

3. جا کەوابوو ئەگەر دەوڵەت و کاربەدەستانى سەردەم خاوەنى ئەو زەوییانەى ڕازى نەکردو، بە (تۆبزى) دابەشیان کرد بەسەر هاوڵاتیاندا، ئەوە لەو کاتەدا ئەو هاوڵاتیانەى کە وەرى دەگرن پێویستە خۆیان خاوەنى زەوییەکان رازى بکەن، بە پارەو نرخێکى گونجاو لێیان بکڕن.

4. هەرکاتێک ئەم مەرجانە نەهاتنە دى، ئەوا ئەو کارە دەبێتە داگیر کردن و زوڵم کردن لە خاوەنى ئەو زەویانە، وە خواو پێغەمبەر ﷺ هەڕەشەیان کردووە لەو جۆرە داگیرکردنانە، وەک پێغەمبەر ﷺ لەم فەرموودەدا بە بێ پێچ و پەنا دەفەرموێ: ((من ظلم قيد شبر من الأرض طوقه من سبع أرضين)).(صحيح البخاري، كتاب المظالم والغصب، باب إثم من ظلم شيئا من الأرض، حديث : ‏2341‏، / صحيح مسلم، كتاب المساقاة، باب تحريم الظلم وغصب الأرض وغيرها، حديث : ‏3110‏) واتە: هەر کەسێ بستێک زەوى داگیر بکا، لە رۆژى قیامەتدا خواى گەورە ئەیکا بە تەوق و ئەیکاتە ملیى و حەوت تەبەق بە ناخى زەویدا دەیباتە خوارەوە.

 والله أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود

بەروار2020/03/21سەردان 1268