قورئان گرنگی بە ژنان و کاروباری ژنان دەدات.!

قورئان گرنگی بە ژنان و کاروباری ژنان دەدات

دیارە کە ئافرەت لە سەرەتا بەراییەکانی ھاتنی ئیسلامیی پیرۆزیشدا، لای مەردم ماف پێشێلکراوو بەشخوراو بوو، بۆیە دەبینی لەتوێی ئایەت و سوورەتەکانی قورئان و فەرموودەکاندا، بایەخێکی ئێجگار زۆر بە ئافرەتان دراوە، وە ماف و ئەرکەکانی پتر روون و شیتەڵکراونەتەوە، تەنانەت – وەکو گرنگیدانێک پێی– وشەی (إمرأە = ژن) (٢٤) جار لە قورئاندا ھاتووەو، لەپاڵ ھەریەکەیاندا ماف و بڕیارێـکی بۆ چـەسـپانـدووە، کـەچـی وشـەی (المـرء = پیاو) (٩) جار ھـاتـووە، وەیـان وشەی (رجل = پیاو) (٥٦) جار ھاتووە، کەچی بێژەی (نساء = ژنان) (٥٧) جار ھاتووە (المعجم المفھرس / بەڕێز مامۆستا فۆاد عبدالباقي)، بێ شک ئەمە پەردە لادانە لەسەر مافەکانی ژنان، ھەتا جارێکی تر بە ھیچ شێوەیەک ستەم و ناھەقیی بەرامبەر نەکرێت و، بە پلەی دووەمی مرۆڤ سەیر نەکرێت و، دەرەنجام لەمەشەوە پیاوان زاڵ نەبن بەسەریاندا و، چۆن بیانەوێ ھەڵیان بسووڕێنن و لەژێر باریان بنێن !

نێرومێی مرۆڤ دروستکراوی خودای گەورەو دلۆڤانن

خودای گەورە، ھەروەکو پیاوو نێرینەی بەدیھێناوەو دەفەرموێ: [یاأیُھا الناس اتقوا رَبَکم الذی خَڵقکُم من نفس واحدة...] ٤/١. ھەر ئاواش ژن و مێینەی خولقاندووەو، دەفەرموێ: [وخَڵقَ منھا زَوجھا..] ٤/١. ئەوساش تەواوی ئادەمیزادی لەو (نێرو مێینە) پەرە پێسەندو لەزەویدا بڵاوی کردنەوە: [وبث منھما رجالا کثیرا ونساء...] ٤/١، یان دەفەرموێ: [یاأیُھا الناسُ إنا خَڵقناکُم من ذکَر وأنثی...] (حوجورات) کەوابوو لە گرنگترین خاڵدا، لەسەرەتای سەرھەڵدانی ژیندا، ژن و پیاو ھەردوو پێکەوە - لەیەک سەرچاوەوە – بەیەک دەستی خودایی، لە دەرگای ژینیانداوەو، ھاتوونەتە نێو ژینەوە، خودای گەورەو میھرەبان، بۆخۆی مرۆڤی یەکەمی باوە (ئادەم) خولقاند، ھەروەکو دایە (حەوا)شی بەدەستی خۆی خولقاند، واتە: ھیچ جیایی و جیاوازییەکی لە نێوانیاندا لەم مەسەلەیەدا دانەناوە، ئەمی لە زێڕ دروست نەکردووەو، ئەویش لە قوڕ، بەڵکو بۆ ھەردوو دەفەرموێ: [خلقکم من نفس واحدە...]، [وخلق منھا زوجھا...] بکەرو (فاعیل)ی ھەردوو ھەریەکەو خۆیەتی – جل جلالە- بۆیە جێگەی شانازییە بۆ ئافرەت – ئەگەر ژیرانە ورد بێتەوە کە ئەویش ھیچی لە پیاو کەم نییە و، ھەردوو تەواوکەری یەکترن و، کەسیان پلەی یەکەمی نەدراوەتێ و، ئەویشیان پلەی دووەم، دەشتوانم بڵێم بۆیە دایە (حەوا)ی لەو ماددە دروستکرد کە بابە (ئادەم) ی لێدروستکرد، بۆ ئەوەبوو تا باشتر لە یەکتر تێبگەن و، باشتر پێکەوە بژین و، ھیچیان دەعیە بەسەر ئەوی تریاندا نەکات.

ژن و پیاو وەک یەک خاوەن بەھاو خاوەن مافن..!

 خودای کارزان و کارجوان، لەبارەی مرۆڤەوە –بەبێ جیاوازی– دەفەرموێ: [ولقد کرمنا بنی آدم وحملناھم فی البر والبحر..] الإسراء/٧٠، یان دەفەرموآ: [یاأيها الناسُ إنا خَڵقناکُم من ذکر وأنثی وجَعلناکم شعوباً وقَبائڵ لتعارفوا إنَ أکرمکم عِندَاللەِ أتقاکُم..] حُجرات/ ١٣ (أھل الحل والعقد / د. عبداللە بن إبراھیم الطریقی)، ئەمە پلەو پایەی ژن و پیاوە لە ئیسلامدا، نابینرێ کەسێکیان فەزڵی زیاتری لەوی تریان ھەبێت، مەگەر بەکارو کرداری چاک و، ئاکاری جوامێرانە، ھەر کەسێک چاک و باش بێت – ژن یان پیاو – جێگەی بەھەشتەو خواش خۆشی دەوێ: [إن الأبرار لفي نعیم]،[فمن یعمل مثقال ذرة خیراً یرە] کێش بەدکارو بەدڕەوشت بێت، جێگاو ئەنوای جەحەننەم ودۆزەخەو، خوداش نایەوێ: [وإنَ الفجارَ لفي جحیم]، [ومَن یعمل مثقال ذرە شَرّاً یرە]. ئەوەتە ئافرەتێک بە بێ رەحمی خۆی پشیلەیەک لەماڵەوە بەند دەکات، نە خواردنی دەداتێ، وە نە ئازادیشی دەکا، بچێت شتێ پەیدا بکات بۆ خۆی، دەرەنجامی ئەو ژنە بەھۆی ئەو بەدکارییەوە جەحەننەم و دۆزەخە. پیاوێکیش سەگێک لە تینوویەتی ڕزگار دەکا، لە بەر ئەوە خودای گەورە دەیبەخشێ و عەفووی دەکا. کەوابوو ژن و پیاو – بێ فەرق و سوون– ڕێزدارن و، بەیەک چاوەوە تەماشای کارو کردەوەیان دەکرێت، چاککاربوو، چاککارە، بەدکرداریشبوو، بەدکردارە. دە ئاخۆ جێگەی خۆی نییە (خانمەکان) دوای ھەق و ڕاستییەکان بکەون و، ئەوەند بە قسەی ئەم و ئەو فریو نەخۆن و، بە فرمێسکی (تیمساح)ـانەیان دڵگەرم وخۆشحاڵ نەبن ؟


ئەحمەد كاكە مەحموود 

بەروار2020/03/21سەردان 1313