پێشەکیی - ژنان و كاروبارى ژنان لە ئيسلامدا

بسم الله الرحمن الرحيم

پێشەکیی:

إن الحمدللە نحمدە ونستعینە، ونستغفرە و نتوب إلیە، ونعوذ باللە من شرور أنفسنا ومن سیآت أعمالنا، من یھدە اللە فلا مضل لە، ومن یضلل فلا ھادی لە، وأشھد أن لاإلە إلا اللە وحدە لا شریک لە، وأشھد أن محمدا عبدە ورسولە.
[یاأیھاالذین آمنوا اتقوا اللە حق تقاتە ولا تموتن إلا وأنتم مسلمون] آل عمران:١٠٢.
[یاأیھاالناس اتقوا ربکم الذی خلقکم من نفس واحدة وخلق منھا زوجھا وبث منھما رجالا کثیرا و نساء واتقوا اللە الذي تساءلون بە والأرحام إن اللە کان علیکم رقیبا] نساء:١.
[یاأیھا الذین آمنوا اتقوا اللە وقولوا قولا سدیدا یصلح لکم أعمالکم ویغفر لکم ذنوبکم ومن یطع اللە ورسولە فقد فاز فوزا عظیما] الأحزاب: ٧٠-٧١. 

أما بعد:
فإن أصدق الحدیث کتاب اللە تعالی، وخیر الھدی ھدی محمد ﷺ، وشر الأمور محدثاتھا، وکل محدثة بدعة، و کل بدعة ضلالة، وکل ضلالة فی النار. 

پاشان:
بێگومان مەزنترین کێشە، لە نێو کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا -بە کۆن و نوێوە- کاروباری ژنانە، بۆیە دەبینی زۆرێکی زۆرینەی کۆمەڵناس و فەیلەسووف و، یاساناس و، تەنانەت سیاسیی و سیاسەتمەداریش، خۆیان بە ئافرەتەوە سەرقاڵکردووە، دەتوانم بڵێم: بەوکارەیان ھەم ئافرەتیان چەواشە کردووە، ھەم کۆمەڵگە، واتە: زێدەرۆییەکی زۆر کراوە لە بارەیانەوە، خۆ خودای گەورەش زێدەڕۆیی لەھیچ شتێکدا قبوڵ ناکاو، رێیش نادا زێدە ڕۆیی تێدا بکرێ، وە بۆھەر کەسێکیش بەڕێژەی خۆی - بێ ستەم و ناھەقیی- ماف و ئەرکی بۆ دیارییکردووە، مەگین بۆ دوایی بۆ خۆیان مافی یەکتر پێشێل بکەن و ھەقی یەکدی بخۆن. ئەم ئادەمیزادە، لە جێبەجێکردنی ئەرکی سەرشانیی و، وەرگرتنی مافی خۆیدا گشت یەکسانە.
جا لەبەرئەوە کە باسی ژنان، بۆتە باسێکی گشتگیرو، فرە لق، وە بەھەق و ناھەق فرمێسکی بۆ دەڕێژرێ وکراوەتە کێشە لەجیھانی ئیسلامدا، دیارە ئەمەیش -بەپلەی یەکەم- لە خۆرئاوای فاسید و گەندەڵەوە سەری ھەڵداو خۆی خزاندە وڵاتە ئیسلامییەکانەوە، بگرە خۆی کوتایە ھەموو ماڵە موسڵمانێک و، ئاگری بەردایە نێو ماڵی ھەموو ئوسرەو خێزانێکی بچووک و گەورەوە، (بەندە)ش لە مێژە دەمەوێت بە تێروتەسەل لەو باسە بنووسم و، بەپێی توانای خۆم و بە پێی دەسکەوتنی سەرچاوەی ئیسلامیی و، نائیسلامیی، ھەق و ناھەق لێکجودا بکەمەوە، روونی بکەمەوە ئاخۆ ئافرەت لە ئیسلامدا مافی زەوتکراوە، یان لای ئەوانە لە میدیاکانەوە دەیکەنە ھەراو بۆ ژنان دەگرین...؟ 
 
لەم نووسینەشدا تا بۆم بکرێت لە (قورئان) و لە (فەرموودە) دەگەڕێم، ئەوسا بۆچوونی زاناکانی ئیسلام – بەکۆن و نوێوە – دێنین و ھەڵدەسەنگێنین، ئینجا کتێب و نامیلکەی ئەم لاو ئەولا، دیارە کە ئەم باسە زۆر گرنگەو، زۆریش دەوڵەمەندەو، ئافرەتیش ھەقیەتی لە ھەموو بوارێکی ژیاندا بەشی ھەبێ و، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت: لە دروست بوونی، ئینجا شیوەو ڕەنگ و ڕوخساریی، قەدو بەژن و باڵاو نەرم و ناسکیی جەستەی، ھێندێ لە تایبەتمەندی خۆی، لە رووی فەسیۆلۆژیاو (تەناسول)ییەوە، ئەرکەکانی سەرشانی، بەشداربوونی لە گشت بڕیار و فەرمانەکانی خودادا (ئەمر) و (نەھی)، خواپەرستیی: (نوێژ، ڕۆژو، حەج، زەکات، جیھاد، ئیمان و باوەڕو ئەرکان و پایەکانی) لەماڵەوە بوونیی و، ھاتنە دەرەوەی لەماڵ، خستنە ژێر ئیش و کاری ڕۆژانە و، بژێوی دان بەسەریا، چوونە ناو دام و دەزگادەوڵەتیەکانەوە، بوونی بە سەرۆک دەوڵەت، وەزیر، قازیی و حاکم و دادوەرو خۆکاندیدکردن و، مافی ھەڵبژاردن...، جل و بەرگ و کاڵای شیاوو تایبەت بۆی، مافە گشتییەکانی: خاوەندارێتی، مافی ھەڵبژاردنی مێردو ھاوسەر، جیابوونەوەو تەڵاق – ھەرکە تووشی زیان و ستەم بوو لەلایەن مێردەکەیەوە – فێربوونی زانست و زانیاریی (ئەوەی لەگەڵ فیترەت و سروشتیدا دەست بدات)، خێرو خێراتکردن و بەخشین – بەئارەزووی خۆی – لە ماڵ ودارایی خۆیدا، کێی ویست دەتوانێ خۆشی بوێ و زیارەت و سەردانی بکا، دەتوانێ - وەکو پیاو – بە ⅓ ی سامانەکەی وەسیەت بکا، ھەقیەتی بە ئارەزووی خۆی جل وبەرگ و کاڵای (حەریر و ئاوریشم و زێڕ) بەکاربھێنێت، ھەقیەتی بەھەر ھۆو وەسیلەیەکی خۆجوانکردن، ئارایش بکا بۆ ھاوسەرو شووەکەی، دەتوانێ کوڵم و لێوو روخساری سوور بکا، مافەکانی بەسەر مێردەکەیەوە، یان مافی مێردەکەی بەسەر ئەوەوە، مارەیی و میرات، شایەتیی و گەواھیی، ئەمانەو ھەرشتێکی تر پەیوەندی بەوەوە ھەبێت –پشت بەخوا– بەدەوڵەمەندانە دەینووسین و لێی دەکۆڵینەوە، ئومێدەوارم (خانمەکان) سوودو کەڵکی لێوەرگرن و، بیکەنە ڕۆشناییەک بۆ دۆزینەوەی ھەق و ڕاستییەکان.

ئەحمەد کاکە مەحموود

مانگی ٥ / ١٤٢٧ کۆچیی

 ھەڵەبجەی شەھیدان

بەروار2020/03/21سەردان 1426