حوکمی پەیمان و ھاوپەیمانێتی لە ئیسلامدا.؟

حوکمی پەیمان و ھاوپەیمانێتی لە ئیسلامدا.؟ (الصلح والھدنة).؟

بێگومان مەسەلەی ھاوپەیمانێتی بابەتێکی حەساسەو، ڕوونکردنەوەو وەدیار خستنی ھەموو بوارو مەودایەکانی – بەتایبەت لەم سەردەمە جەنجاڵەدا- زۆر پێویستەو، گەلێ گرێ کوێرە دەکاتەوەو، وەڵامی زۆر پرسیار دەداتەوەو، تەمی چەندان گومان و حاڵی نەبوون دەڕەوێنێتەوە، بۆیە توێژینەوەی باسێکی لەو بابەتەمان بە پێویست زانی.

 پەیمان و ھاوپەیمانێتی لە ئیسلامدا:

 پێویستە ھەموولایەک بزانن خاڵی سەرەکی لە ھەوڵ و تێکۆشانی ئیسلامیی پیرۆزدا جێگیر کردنی ئاشتی و ھێمنیی و (سەلامە) بۆ تەواوی ئادەمیزاد، بێ جیاوازی لە نێوان سپی پێست و، ڕەش پێستداو، زمان و، تیرەو، ناوچەو، وڵاتدا: (یاأیھا الذین آمنوا ادخلوا في السلم کافة..)، (وإن جنحوا للسلم فاجنح لھا...).
 ئەگەر شەڕیان پێ نەفرۆشتی، تۆیش بە دڵ ئەستورییەوە بڕۆڕە ژێریی و لەگەڵیاندا ڕێک بکەوە.. ھەر بۆیە پێغەمبەری سەرکردە ﷺ چەندەھا ڕێککەوتن نامەی مۆر کردووە لە کاتی خۆیدا لەگەڵ ئەم و ئەودا، مەبەست ئەوە بوو بەرنامەکەی بڵاو بکاتەوەو، دەستی بگاتە جەماوەرەکەو وتووێژیان لەگەڵ بکات و زمانی چەک بەکار نەھێنرێت، وە ئەگەر زانیبێتی دڵ پیسێک ھەیەو ئەیەوێ ڕووبەروی ببێتەوە، ھەوڵی لەگەڵ داوە پەیمانی لەگەڵ ئیمزا کردووە.
 ئینجا لە بواری (پەیمان و ھاوپەیمانێتیدا) چەند پرسیارێکمان ئاڕاستە کراون بۆ وەڵامدانەوەو تیشک خستنە ئەو باسە گرنگە زۆر پێویستە وەڵامدانەوەیان.
 
پرسیاری یەکەم: ھاوپەیمانێتی لە ئیسلامدا چۆنەو چییە..؟

پەیمان بەستن لەگەڵ دەورووبەردا کە لە زمانی عەرەبیدا دەڵێن: (المواعدة، المعاھدة، المسالمة، المھادنة، المصالحة). 
وە ھەروەھا ھەموویشیان بە مانای پەیمان بەستن و ڕێککەوتنە، بۆ زەمینە سازی بۆ گەیاندنی بەرنامەکەی خوایە، بۆ ئەوەیە جەماوەر بە ئاسانی و نەشڵەژاوەیی گوێ بگرن بۆ شیکردنەوەی بەرنامەکەی خوا.. بەڵگەشمان بۆ ھاوپەیمانێتی:

 ١. ئایەتی (وإن جنجوا للسلم فاجنح لھا وتوکل علی اللە...). 
 ٢. پەیمانی حودەیبییە، وەک پێشەوا بوخاریی و موسلیم ھێناوییانە.
 ٣. پەیمان بەستن لەگەڵ جوولەکەکانی (مەدینە)و دەورووبەری مەدینەدا.
 ٤. ئیجماع و کۆی زانایانە.

 ئەم پەیمان بەستنە درووستە، ھەر کات ئەمیرو خەلیفەی موسڵمانان بە چاکی زانیی و بەرژەوەندی موسڵمانانی تیادا بەدی دەکرد، درووستە لەگەڵ ھەرێمێکی گەورەدا، وە یا لەگەڵ ناوچەیەکی بچووکدا ئەو پەیمانە مۆر بکات، بەتایبەت ھەرکات ھەستی بە لاوازی موسڵمانان کرد، چ لە ڕووی ئازووقەو، چەک و جبەخانەوە، وە یا ھیوای موسڵمانبوونی ئەو گەلەی ھەبووە، بەڵکو ووردە ووردە ئیسلامیان تێبگەیەنێ و، شێوەی دیبلۆماسییەت بەکار بھێنێ لە گەڵیا، وە یا ئەیەوێ بە ڕادیۆو، گۆڤارو، ڕۆژنامەو، ھۆیەکانی تری ڕاگەیاندن جەماوەر ھۆشیار بکاتەوە.
کەوابوو بۆ ئێستای موسڵمانانیش ھاوپەیمانێتیی و، ڕێککەوتنامە مۆرکردن ڕەوایە لەگەڵ دەورووبەری خۆیاندا، بەتایبەت ئەگەر دەورووبەرەکەیان دەسەڵاتدار بێت لە ڕووی سەربازیی و، سیاسیی و، کۆمەڵایەتی و، ئابورییەوە، بە مەرجێک ڕیسوایی تێدا بەدی نەکرێت بۆ موسڵمانان.
 
 پرسیاری دووەم: چەند جۆر ھاوپەیمانێتی ھەیە لە ئیسلامداو کامانەن.؟

 وەڵام: لە کتێبێکی دیارییدا نەمان بینیوە ھاوپەیمانێَتی دابەش بکات بە چەند بەشێکەوە... بەڵام ئەتوانین ھاوپەیمانێتی لەم خاڵانەدا جێ بکەینەوە، واتە لەم خاڵانەدا درووست و ڕەوایە:

 ١). لەڕووی سیاسەت و ڕامیارییەوە:

 أ- پەیمانی حودەیبـییە: ئەوەبوو پێکھاتن لەسەر ئەوەی کە بۆ ماوەی دە ساڵ لەگەڵ یەکدا نەجەنگن، وە خەڵکی لەم ماوەیەدا ئەمین بن و زیانیان پێ نەگات و، ھیچ کەس لە قورەیش بەبێ پرسی کەس و کاری نەڕوات بۆ لای محمد ﷺ وەرنەگیرێ و بشنێررێتەوە بۆ مەککە، ھەرکەس لای محمدەوە ھات و چوو بۆ مەککە نەنێردرێتەوە.. ئیتر با ئەوە بووەستێ کە (بسم اللە الرحمن الرحیم)ـەکەیان پێ کوژاندەوەو لەگەڵ وشەی (محمد رسول اللە)داو ھەندێ خاڵی تریش.!
کەوابوو درووستە بۆ (قیادە)ی بزوتنەوەکان لەبەر ھەندێ خاڵ و تێبینی خۆیان پەیمان مۆر بکەن، ئەگەر چی بە ڕواڵەت زیانی ئەوانیشی تێدا بێت، بەڵام شتێکی شەرعی ببێت بۆ قبوڵ کردنی ئەو خاڵە لاوازانە (وەک پیاچوونەوەو خۆ ڕێکخستنەوەو ھەروەھا...).

 ب- پەیمان بەستن لەگەڵ جوولەکەدا لە مەدینە، (بەنوو قەینوقاع) لە (فدەک)دا، (بەنوو قورەیزە)و لە نزیک ئەوانەوە (بەنوو نضیر).. بۆ ھێورکردنەوەی کەش و سازکردنی زەمینە بوو بۆ بڵاوکردنەوەی بەرنامەی ئیسلام و، بە ئاسانی کارەکانی پیادە بکات تا بە یەکەوە بژین، چونکە ئەوانیش خاوەنی کتێبێکی ئاسمانی بوون، لە ڕاستیدا ئەم پەیمانە پەیمانێک بوو ڕاستیی و، دۆستایەتیی و، سەربەستی ئایینیی و بیروباوەڕیی بوو، کە رێککەوتن و یەکێتیی تەواو لە مەدینەدا درووست کرد.

 ٢). لە ڕووی سەربازییەوە:

 أ. ھەر ئەوکاتە پەیامبەری خوا ﷺ پەیمانی دە ساڵەی حودەیبیەی لەگەڵ قورەیشدا مۆرکرد، (خوزاعە)یش ھاتە ناو پەیمانەکەیەوەو، بەڵێنیدا دیفاع لە پەیامبەر بکات ئەگەر ھەر پەلامارێکی سەربازی بۆ برا، لەم لایشەوە پەیامبەر ﷺ پەیمانی بۆ مۆرکرد کە بەرگری لێ بکات، ئەگەر ھاشاوڵی بۆ ھێنرا لە لایەکەوە.

 ب. ھەندێ کەس ھەبوون لە (مەککە)دا بڕوایان ھێنابوو و لەوێ مابوونەوەو پەیوەندییان نەکرد بە کۆمەڵگەی موسڵمانان لە (مەدینەدا)، کە ھێمای دەسەڵات و حکومەت بوون، ئەوانە بەسەر کۆمەڵگەی موسڵمانان نادرێنە قەڵەم، واتە ئەگەر کۆمەڵگەی (مەدینە) لەگەڵ دەستەیەکدا ھاوپەیمان بوون و، ئەم دەستەیە ھێرشیان بردە سەر ئەو بڕوادارانەی (مەککە)یە، ئەمانەی (مەدینە) بۆیان نییە پەیمانە سەربازییەکەیان بشکێنن و دیفاع لەوانەی (مەککە) بکەن، ئەمەیە کە خوا ئەفەرمووێت: (والذین آمنوا ولم یھاجروا ما لکم من ولایتھم من شیء حتی یھاجروا وإن استنصروکم فی الدین فعلیکم النصر الا علی قوم بینکم وبینھم میثاق ...). 

 بە کورتی:

ئەگەر کۆمەڵێ موسڵمان نەڕۆیشتنە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە، ئەو دەستەیە لە لایەن دەستەیەکی ترەوە – کە لەگەڵ کۆمەڵی موسڵماناندا پەیمانی بوو – ئەوە ئەمان بۆیان نییە پەیمانەکە بشکێنن و ھێرش بەرنە سەریان.

٣). لە ڕووی ئابورییەوە:

 درووستە پەیمان بەستن لەگەڵ دوژمندا – لە کاتی پێویستدا – لە بواری ئابوریدا، بەڵگەیشمان بۆ ئەمە ئەوە بوو کاتێ موشریکەکان بە یەک دەنگ و بەیەک ڕەنگ کۆببنەوەو بدەن بەسەر (مەدینە)دا، پاش دەستپێکردنی جەنگ جوولەکەکانی (بەنو قریضة) پەیمانەکەیان شکاند.. پێغەمبەری خوا ﷺ مەترسی پەیدا کرد لەسەر موسڵمانان، لەو کاتەدا سەرۆکی ھۆزی (غەتەفان)ی بانگ کرد کە دەست لەو ھێرشەیان ھەڵگرن، لە بەرامبەر ئەوە بەشێک لە بەرووبومی مەدینەیان بداتێ، ھەرچەندە ئەمە بۆ ھەتا ھەتایی نەبوو، بەڵام پەیمانێک بوو بە مەبەستی ئەوەی نەوەک موسڵمانەکان تیا بچن بە تەواویی و ئەوەی بەلاوە چاکتر بوو، ئەویش کاتێ پرس و ڕای لەگەڵ موسڵمانەکان کرد لەو بارەیەوەو وتیان: (و اللە لانعطیھم إلا السیف).!

 پرسیاری سێیەم: کەی دەتوانرێت پەیمان ھەڵوەشێنرێتەوە لە ئیسلامداو بە چ مەرجێک..؟

 وەڵام: پەیمان لە ئیسلامدا زۆر گرنگە، بۆیە لە قورئاندا لە گەلێ جێگادا باسی ھاتووەو فەرمان دەدات بە جێبە جێکردنی و پیادەکردنی بێ فرت و فێڵ.
(یاأیھا الذین آمنوا أوفوا بالعقود..).. (وبعھد اللە أوفوا..).. (والذین ھم لأماناتھم وعھدھم راعون)، وە.. وە..، پێغەمبەریش ﷺ دەفەرمووێت: ((المسلمون عند شروطھم)). صححه الألباني في إرواء الغليل 1360. 
 
ئیسلام خیانەت و گزیکاری بە شتێکی زۆر قێزەون و ناشیرین دا دەنێت، ئیسلام غەش و خیانەت ناکات و، فروفێڵ لە کەس ناکات، وەک سەروەرمان دەفەرموێ: ((عن عبداللە بن مسعود رضی اللە عنە قال، قال رسول اللە ﷺ: من غشنا فلیس منا، والمکر والخداع فی النار)). رواه إبن حبان، وصححه الألباني في صحيح وضعيف الجامع 6408. چ لە کاتی ئاشتیی داو، چ لە کاتی جەنگدا، نایەوێ ھەل بقۆزێـتەوەو لەگەڵ دەستەیەکدا پەیمان ببەستێ و، ڕێکەوتننامەیان لە گەڵ مۆر بکاو، لە ژێریشەوە خۆی بۆیان ڕێک بخات و کتوپڕ ھێرشی سەربازیان بۆ بکات، بۆی نییە بەڵگەی ناشەرعی درووست بکات بۆ ھێرش بردنە سەر ئەو لایەنەی کە (اتفاقیە)ی لەگەڵ ھەیە.
 کاتێ ئەتوانن پەیمان ھەڵوەشێننەوە، بە ئاشکرا ھەندێ (خروقات) ببینرێ و نیشانە بن لەسەر خیانەت و فروفێڵی ئەو لایەنە کە پەیمانی لەگەڵ ھەیە، ئەویش کاتێ ئەو (خروقات)انە دەبینێ، پێویستە بە ئاشکرا ئەو لایەنە ئاگادار بکات و بڵێ: ئیتر لەمەو دوا من پابەند نابم بە پەیمانەکەوە، ئێوەش ئاگادار بن، ئەمەیە کە قورئان ئەفەرمووێ: (ۆإِمَّا تَخَافَنَّ مِنْ قَوْمٍ خِێانَەً فَانْبِذ إِڵیْهم عَڵی سَواءٍ إِنَّ اللَّەَ ڵا یُحِبُّ الْخَائِنِینَ).
ئەمەیە ئایینی ڕاستیی و لە جەنگیشدا ھەرگیز ھەل ناقۆزێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوەی ئەو گروپ و دەوڵەتانەی ئەمڕۆ ھەن، بە دەیان (اتفاقیە) مۆر دەکرێ، کەچی لە ژێرەوە خەریکی خۆ ڕێکخستنن بۆ ھێرش بردنە سەر لایەنەکەی تر..!

 پرسیاری چوارەم: بوونی ھاوپەیمانێتی و ھەل و مەرجی تایبەتی خۆی، بەڵگەی چییەو چی دەبەخشێت.؟ 

 وەڵام: ھەر کات بەرژەوەندی موسڵمانان بەدی کرا لەو پەیمانەداو، ئەبوو بە ھۆی پێشەوە چوونی کارووباری موسڵمانان، لەو کاتەدا ڕەوایەو درووستە (اتفاقیە) ببەسترێ لەگەڵ دەورووبەردا لە ھەر ڕوویەکەوە بێت، بە مەرجێ ئەوە زیان بە عەقیدەو ئایدۆلۆژیەتیان نەگەیەنێ.
ئاشکرایە ئاشتیی و برایەتی بۆ کوردستان بە تایبەتی ئەمڕۆ – ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێ – بۆ ووڵاتەکەمان و، چاکبوونی باری ئابوری میللەتەکەمان. (ياأيها الَّذینَ آمَنُوا ادْخُلُوا فِی السِّلْمِ کَافَّة ولا تَتَّبِعُوا خُطواتِ الشَّیْطانِ إِنَّەُ ڵکُمْ عَدُوٌّ مُبِینٌ)
واللە أعلم.

ئەحمەد کاکە مەحموود
٧ ربیعی یەکەم ١٤١٦ ی کۆچی
٣/٨/ ١٩٩٥ زایینی

بەروار2020/03/21سەردان 2001